سەردێر

چوارچێوەی هەماهەنگی: با سەربەخۆكان حكومەت پێكبهێنن

خەڵك-
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، تۆپەكە ئێستا لە یاریگای سەربەخۆكاندایە و ئەوان وەك چاوارچێوەی هەماهەنگی بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی لە كاندیدی سەربەخۆكان دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

حەمامی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:” چوارچێوەی هەماهەنگی بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی لە كاندیدی سەربەخۆكان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەر فراكسیۆنێكیش دەیەوێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوا ئارەزووی خۆی و بژاردەی خۆیەتی”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی”هەموو لایەك دەزانن لایەنێك بە تەنیا ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە دەبێت دەرچەیەكی سیاسی هەبێت بۆ كۆتایی هێنان بەم چەقبەستنەی لەئێستادا هەیە”.

بە بۆچوونی عارف حەمامی”سەربەخۆكان پێشوازیی لەهەردوو دەستپێشخەرییەكە دەكەن، بەڵام دەبێت پشتیوانی لە گەورەترین فراكسیۆنی شیعە بكەن كە فراكسیۆنەكانی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگیین، لەم حاڵەتەشدا سەرۆك وەزیران دەبێت لە سەربەخۆكان بێت”.

حەمامی دەڵێت:”هەریەك لە ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، مەرجی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی سەربەخۆ دیاریی كردووە، ئێمەش دەبێت گوێ‌ بۆ ڕاوبۆچوون و مەرجی سەربەخۆكان بگرین، چاوەڕوانی هەڵوێستێكی نیشتمانی و شەرەفمەندانەیان لێدەكەین”.