سەردێر

گەزنەیی: بەهۆی خراپی ئەزموونی نەوت ناچینە ژێر باری تاڵانفرۆشی غازی هەرێم

خەڵك- ئارام سەردار
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لەفڕاكسیۆنی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێمە ئەزموونێكی زۆر خراپمان لەفرۆشتنی نەوت هەیە، بەهیچ شێوەیەك ڕێگا نادەین و ناچینە ژێرباری بەتاڵانفرۆشتنی غازی هەرێم و لەگەڵ ئەوەنین خەڵكی هەرێم باجی گرێبەستی هەڵە و خۆسەپێنی هەڵە بدەن، ئەگەر بڕیارە ئێمە بێین خزمەتی خەڵكی كوردستانی پێكەین بابێین تەنها پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت شەفاف بكەین پێویستمان بەفرۆشتنی غاز نابێت.

خەڵك: داهاتی هەرێم لەئێستا چۆنە، دەتوانرێت كێشەكانی پێ چارە سەربكرێت؟

كاروان گەزنەیی: لە ٨٥٪ْی داهاتی هەرێمی كوردستان پشت بەنەوت دەبەستێت، ئەوەشی سەرۆكی حكومەت ووتی كە ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، ئێمە زۆر دەمێكە چەندین جار ئەو ژمارانەمان باسكردووە لەناو پەڕلەمان و كۆنفڕانسە ڕۆژانامەوانیەكان، بەڵام ئێمەیان بەچەواشەكار ناوبرد گوایە ژمارەكان دەشێوێنین، بەڵام سەرۆكی حكومەت خۆی باسی كرد كەوا لەم ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی ڕۆژانە بەرهەم دێت كە ٤٧٠ هەزار بەرمیل دەفرۆشرێت، ٣٠ بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بەكاردێت كە بەشێكی دەدرێت بەكۆمپانیایەكی ناوخۆیی بۆ پاڵاوتن، ئێستا حكومەت مانگانە بەپێی ژمارەكانی خۆی مانگانە ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ٥١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانە ڕۆژانە، بەگوێرەی قسەی حكومەت كە ٤١٪ی داهات بۆ حكومەت دەمێنێتەوە بەمەش واتە ٢١ ملیۆن و ١٩٧ هەزار دۆلار داهاتی یەك ڕۆژی نەوتی هەرێمی كوردستانە، واتە مانگە ٦٣٥ ملیۆن ٩١٠ هەزار دۆلار داهاتە، كە دەكاتە ٩٣٤ ملیار و ٧٨٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دینار، بەمەش پارەی مووچەخۆران بۆ هەر مانگێك ٩٠٠ ملیارە، هێشتا ٣٤ ملیار دینار پارەی نەوت دەمێنێتەوە جگە لەداهاتەكانی تر كە داهاتی ناوخۆ نزیكەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ملیار دینارە، تەمویلی بەغداد ٢٠٠ ملیار و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە ٢٠ ملیاری مانگانە، كۆی گشتی دەكاتە تڕلیۆنێك و نزیكەی ٥٠٠ ملیار دینار مانگانە داهاتی هەیە، ئەمەش لەكاتێكدا پێشتر حكومەت لەكۆبوونەویەكی داخراو پێی ڕاگەیاندین ئەگەر مانگانە تڕلیۆنێك و ٢٠٠ ملیاری لەبەردەست بێت دەتوانێ زۆربەی كێشەكان بەمووچەشەوە چارەسەر بكەن بەبێ دواكەوتن، پارەی پڕۆژەكانیش بدەن، بەڵام دەبینین داهات زۆر لەوەش زیاترە كەچی مووچە دوادەكەوێت، پارەی پڕۆژەكان تەمویل ناكرێت بەتایبەت لەسلێمانی یان شارەكانی وەكو ئاكرێ و سۆران و دهۆك و هەڵەبجە و ڕاپەڕین پەراوێز دەخرێن بەبەشێكی زۆری هەولێریش، جگە لەوەی نرخی كاڵاو پێداویستی هاوڵاتیان زۆر بەرزتر بۆتەوە، بەداخەوە حكومەت قەیران بەقەیرانی تر دەسپێرێت، قەیرانی غاز، سووتەمەنی، كارەبا هەروەها ئاو هەیە كەچی لەگەڵ بوونی داهاتێكی زۆر حكومەت ناتوانێ چارەسەری بكات.

خەڵك: كەی دەتوانرێت داهات باشتر كۆبكرێتەوە؟

كاروان گەزنەیی: كێشەی سەرەكی هەرێم نەبوونی یاسای بوودجەیە، وەكو پەڕلەمانتار پێمان وایە كۆی كێشەكانی داهات و دابەشكردنی بەشێوەی نادادپەروەرانە تەنها دەتوانرێت لەیاسای بوودجەدا چارەسەر بكرێت، كلیلی نەوت و داهاتەكان تەنها لای یەك كەسە و كەس نازانێ پارەكان چی بەسەردێت، ئەگەر ئەو پارانە بخرێنە خزمەتی خەڵك، مووچە لەكاتی خۆی دابەش دەكرێت كێشەكانی تر چارەسەر دەكرێت، بەپێی داهاتەكانی هەیە وەك ژمارەیەك ئەندامی پەڕلەمانیش داوامان كردوە دانیشتنی پەڕلەمان بكرێت لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و چاككردنی مووچەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە كەمافی خۆیانە، هەروەها لەسەر فرۆشتنی غازی هەرێم و دامەزراندن و هەلی كار و گرانی نرخی بازاڕ و دانانی باجێكی زۆر لەسەر دەرمانی بێ كوالێتی كەچەندین جار ئەو بابەتەمان داوەتە دادگا، بۆیە ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجە هەبێت ئەو ژمارانەی باسكران كێشەكانیان پێ چارەسەردەكرێت ولەكوێش كەمووكوڕی هەبوو دەستنیشان دەكرێت، بەڵام بەم جۆرە عەقڵیەتە حوكمڕانیە كاریگەری هەبووە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ژیان و گۆزەرانی هاوڵاتیان و پڕۆژەكان و مافیاگەردانی خاڵەسنووریەكان بەنموونە لەخالی سنووری وەلید كە تەنها چەند كەسێك لێی سوودمەند دەبن و ئاڵووگۆڕی گەورەی بازرگانی لەگەڵ سووریا تێدا دەكرێت، بۆیە پێم وایە ئەو شێوازی ئیدارەدانی حوكمڕانی ناچێتەسەر و خەڵك ناتوانێ زیاتر بەرگەبگرێت.

خەڵك: بەدواداچوونتان كردووە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و حكومەت؟

كاروان گەزنەیی: كێشەی ئەم كابینەیەی حكومەت لەپڕ وەزیرێك دیارنامێنێ و دەوام ناكات، باس لەوەدەكرێت وەزیری سامانەسرووشتیەكان ناچێتە وەزارەت چونكە كۆمەڵێك وەزیری سێبەریان بۆداناوە وكارووبارەكان ڕایی دەكەن، پێشم وایە ئاگاداری زۆر ووردەكاری نیە، ئێمەش وەكو پەڕلەمانتار ئەركی چاودێری خۆمان جێبەجێ كردوە و بیرۆكە و پڕۆژەشمان پێشكەشكردوە لەبارەی ووزە نوێبووەكان و شەفافیەت و فرۆشتنی لەنەوت، هەروەها پەڕلەمانتاران لەزۆربەی فڕاكسیۆنەكان دەیان یاداشمان ئاڕاستەی حكومەت كردوە لەبارەی ناداپەروەری و گەندەڵی و بردنی پارەی نەوت لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكان وبەهەدەردان و دزینی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداری نابینین بۆچاكسازی لەم پرسە، تەنها لەفرۆشتنی نەوت بەبۆڕی كە نزیكەی ١٧٠٠ كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمە كۆمپانیای كار و ڕۆزنەفتی ڕووسی بۆ هەربەرمیلێك نەوتی ڕۆژانە نزیكەی ٥ دۆلارو ٨٠ سەنت وەردەگرن دەكاتە ٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێك، كەچی لەناوخۆی تووركیا كە درێژی بۆڕیەكە زیاترە كۆمپانیا ووزەی تووركی زۆر كەمتر پارە وەردەگرن كەنزیكەی ٢ دۆلارە، بۆیە ڕۆژانە چیڕۆكی تراژیدی دەبینین.

خەڵك: چی لەبارەی كۆمپانیا دیلۆیت دەڵێن؟

كاروان گەزنەیی: كۆمپانیا دیلۆیت تەنها ووردبینی بۆ داهاتەكان دەكات، ئەویش ووردبینیە لەم ژمارانەی كەحكوومەت پێی دەدات نەوەك خۆی بچێت لەسەر بیرەنەوتیەكان بزانێت چەند بەرهەم دێت و دەفرۆشرێت، بۆیە وەك خۆم باوەڕم بەڕاپۆرتەكانی دیلۆیت نیە، بەڵام تاكە سەرچاوەشە بۆ گەیشتن بەژمارەكانی وەزارەتی سامانیەسرووشتیەكان چونكەهیچ سەرچاوی ترنیە.

خەڵك: غازی سرووشتی هەناردەی دەرەوە دەكرێت؟

كاروان گەزنەیی: ئێمە ئەزموونێكی زۆر خراپمان لەفرۆشتنی نەوت هەیە وگرێبەستەكانی نەوت پڕیەتی لەكێشەی گەورە، شێوازی فرۆشتن و دابەشكردنی پارە بەسەی كۆمپانیا حزبیەكان و بردنی پارە لەلایەن گرووپ و كەس و بنەماڵە، بێ بەشكردنی خەڵكی كوردستان لەداهاتی ڕاستەقینەی نەوت، هەموومانی گەیاندە ئەوبڕوایەی كەوا بەهیچ شێوەیەك ڕێگا نادەین كەغازی سرووشتی بەهەمان عەقڵیەت بفرۆشرێت، ئەگەر بڕیارە ئێمە بێین خزمەتی خەڵكی كوردستانی پێكەین بابێین تەنها پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت شەفاف بكەین پێویستمان بەفرۆشتنی غاز نابێت، بەتایبەت كە خەڵكی خۆت لەسڕەی مووچە گیان لەدەستبدات، كەچی لەبەر دڵی هەندێ وڵات بتەوێ ئەوكارە بكەن، بەهیچ شێوەیەك ڕێگا نادەین و ناچینە ژێرباری بەتاڵانفرۆشتنی غازی هەرێم و لەگەڵ ئەوەنین خەڵكی هەرێم باجی گرێبەستی هەڵە و خۆسەپێنی هەڵە بدەن، بەدڵنیایی ستۆپمان بەفرۆشتنی غاز كردوە گەر بیانەوێ بەم عەقڵیەتە بیفرۆشن، چونكە كێشەی ئێمە ئەوەیە لەفرۆشتنی نەوت، نرخی نەوت ببێتە ٢٠ دۆلار حكومەت دەڵێت داهات سفڕە وكاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك دەبێت، لەهەمان كاتدا نرخی نەوت دەبێتە ١٢٠ دۆلار هیچ لەژیانی هاوڵاتیان ناگۆڕێت، مووچەش لەكاتی خۆی دابەش ناكرێت.

خەڵك: لەبەرچی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز كۆنابێتەوە؟

كاروان گەزنەیی: ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز ماوەی سێ ساڵە كۆنەبۆتەوە، چونكە لەكۆی پێنچ ئەندام دوو ئەندامی پارتیە بۆیە ڕێگانادرێت ئەو نجوومەنە كۆببێتەوە.

خەڵك: باسی نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی دەكرێت؟

كاروان گەزنەیی: تەنها داهاتی نەوت بەسە بۆ تەمویلكردنی مووچە، ڕاستە كێشە لەخاڵە سنووریەكان هەیە، ئەوەتا بپرسن داهاتی ئیبراهیم خەلیل لەكوێیە؟ بۆچی لەناكاو چێشتخانەیەك لەم خاڵە سنووریە دەسووتێت و كۆگایەكی پڕ لەئەرشیفی ئەو خاڵە سنووریە لەگەڵی دەسووتێت بۆ ئەوەی داهات نەگەڕێتەوە، ئەمانە كێشەی گەورەن بۆ شاردنەوەی گەندەڵی، خەڵكێك دەیەوێ بۆ پەردەپۆشكردن و بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی داهاتەكان دەیانەوێ ڕاستیەكان بەلاڕێدا ببەن.