خەڵك-
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی باسی ناڕەزاییەكانی ئێستای هاووڵاتیان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، دەزانین لە ئێستاو ڕابردویشدا هەڵە و كەموكوڕی ھەبووە، بەڵام من وەك خۆم داوای لێبوردن دەكەم.
حاكم قادر حەمەجان لەگەڵ كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو نەتەوەیەك و میللەتێك لە دونیادا هەوڵی پاراستنی كەلتور و فۆلكلۆری خۆی بدات و پێشی بخات، هەر میللەتێك نەتوانێت كەلەپور و فولكلۆری خۆی بپارێزێت ناتوانێت بەرەو پێشكەوتنی زیاتر بڕوات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەزانین ئێوەش ڕەخنە و ناڕەزایەتیتان هەیە و مافی خۆتانە، ئێمەش هەڵە و كەموكوڕیمان هەبووە و من وەك خۆم داوای لێبوردن دەكەم لە ھەر ھەڵە و كەموكوڕییەك.
وتیشی، “ئێمە وەك یەكێتی بێكەموكوڕی نەبووین، بۆیە دەبێت خۆمان چاكبكەین تا بتوانین خزمەتی زیاتری كۆمەڵگاكەمان بە گشتی و سلێمانی و دەوروبەری بەتایبەت بكەین”.
جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت سەنگ و قورسایی بۆ شارەكەمان و دەوروبەری بگەڕێنینەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بەھۆی دواكەوتن و پێنەدانی مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان و هاووڵاتیان بە گشتی ڕەخنە و گلەییان هەیە و ناڕازین، بۆیە ئەركی حكومەتی ھەرێمە ھەنگاوی دروست بنێت بۆ چارەسەركردنی بژێوی و دۆخی ھاووڵاتیان.