سەردێر

وەزیری كار: كرێكاری بیانی هۆكاری بێكارییە

خەڵك-

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، هێنانی كرێكاری بیانی هۆكارێكی بێكاریە لە هەرێمی كوردستان.
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ خەڵك راشیگەیاند چاكسازییان كردووە لە شایستەی دارایی و مووچەی كەم ئەنداماندا.

٭چاكسازیەكانی وەزارەتی كار لەسەر چ بوارێك بووە؟
كوێستان محەمەد؛ دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی لەمووچە و دەرماڵە و خانەنشینی هەنگاوەكانی چاكسازیمان لەوەزارەتی كار و كارووباری كۆمەڵایەتی دەست پێكرد، سەرەتا ڕێكخستنەوەمان بۆ دیوان كرد دواتریش دەستمانكرد بەكەمكردنەوەی ڕۆتینی مامەڵەی هاوڵاتیان كە پێشتر هاوڵاتی دوو بۆ سێ ڕۆژ مامەڵەكەی بۆ تەواو دەكرا، بەڵام ئێستا هەمان ڕۆژ لەدیوان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان جگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی كارەكانی هاوڵاتیان تەواودەكرێت، هەروەها دۆسیەی فەرمانبەران ڕێكخراوەتەوە بەوەی ئەوانەی پلەی زیاتریان پێدراوە یاخوود دەرماڵەی ناشایستەی پێدراوە ڕێكخراوە، فەرمانبەران بەپێی شایستەبوونی خۆی پلە و دەرماڵەیان هەیە، لەهەمان كاتدا دۆسیەی كەم ئەندامان ڕێكخراونەتەوە، بەپێی یاساش دەبوایە لە ٢٠٠٨ەوە ناسنامەیەك بۆ كەم ئەندامان بكرێت بەڵام نەكرابوو ئێستا بەشی زۆری ناسنامەكان تەواو بووە كەوا كەم ئەندامان لەڕێگەیەوە دەتوانن هەر ئیمتیازێكیان هەبێ كاری بۆ بكەین، پەیڕەوی سندووقی هاوكاری بۆ كەم ئەندامانیشمان داناوە لەئەنجوومەنی وەزیرانە تاوەكو پەسەندبكرێت بۆ پاڵپشتی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

٭ چاكسازیەكان لەلیستی كەم ئەندامان بەكوێ گەیشتووە؟
كوێستان محەمەد؛ لەساڵی ٢٠١٣ەوا بەهۆی قەیرانی دارایی تۆماری نوێی كەم ئەندامان ڕاگیرابوو، لە ٢٠١٩ لیژنەیەكی باڵا كۆبووینەوە دواتر لەگەڵ لیژنە لاوەكیەكان ڕاپۆرتێكمان ئامادەكرد بەر لەكۆڕنا و كەرەنتینە ڕاپۆرتەكە گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر جارێكی دی كارمان لەسەر ئەو بابەتە كردەوە و بۆماوەی چوارمانگ دەرگای خۆتۆماركردنمان بۆ كەم ئەندامی نوێ كردەوە كە بریتی بوون لەشەلەل دەماغ، كورتەباڵا، ئۆتیزم، تالاسیمیا وهیمۆفیلیا، زیاتر لە ١١ هەزار كەس خۆی تۆماركردوە، دوای ئەوەی پشكنینی تەندروستیان بۆ دەكرێت لیستەكە دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری پێ دەربكرێت و مووچەیان بۆ ببەسترێت.

٭ چۆن چارەسەری مووچەی كەم ئەندامانتان كردوە؟

كوێستان محەمەد؛ بەپێی یاسای ژمارە ۲ی ساڵی ٢٠٢٠، هەموو ئەو خاوەن پێداویستیانەی كە مووچەیەكی تریان هەبوایە مووچەی كەم ئەندامیەكەی دەبڕدرا كە ژمارەیان ١١ هەزار و٩٥١ كەسە، بەڵام ئێمە بەرگریمان لێ كردن بەشێوەیەك بەپێی داتا سەلماندمان كە بڕی ئەو پارەیەی وەری دەگرن كەمە، لەهەمان كاتدا بۆ چارەسەر بەكاری دێنن بۆیە پشتیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بەدەست هێنا تاوەكو بۆیان بكرێت بەدەرماڵە تاوەكو بۆیان خەرجبكرێت، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای چاكسازی نابێت كەسێك دووجار لەمووچەی كەرتی گشتی سوودمەند بێت، بۆ ئەوەی ئەوانەشی خانەنشینن و كەم ئەندامن بێ بەش نەبن لەوەرگرتنی ئەو دەرماڵەیەی كەم ئەندامی كە ١٠٠ هەزار دینارە یاسای تایبەت بە كەم ئەندامانمان هەمواركردەوە دوای ئەوەی لە پەڕلەمان پەسەندكرا ئێستا هەموو كەم ئەندامان ئەوانەی فەرمانبەرن یان خانەنشین بوون ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن كە پێشتر وەك مووچە پێیان دەدرا ئەوەش داواكاری سەرجەم ڕێكخراوە كەم ئەندامیەكان بوو، بۆیە هەموو ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەكەینەوە كەوا باسیان لەوەدەكرد مووچەی كەم ئەندامان كە فەرمانبەرن ڕادەگیرێت، بەڵكو ئێمە بەپێی یاسا ڕێكمان خستۆتەوە هەمان مووچە كەم ئەندامی بۆیان كراوەتە دەرماڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەریەكەی یان خانەنشینیەكەی وەری دەگرێت، بۆ ئەوانەشی وارسن مووچەكە وەردەگرن لەگفتووگۆداین تاوەكو چارەسەرێكیش بۆ ئەوان دابنرێت و هیچ كەسێك بێ بەش نەبێت.

٭ چەند كەم ئەندام خاوەن پێداویستی تایبەت مووچە وەردەگرن؟

كوێستان محەمەد؛ ئەو خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵا و كەم ئەندام كەوا لای ئێمە مووچە وەردەگرن ژمارەیان ٨٣ هەزار كەسن، ئەوەی ئێستا تۆماركراوە ١١ هەزار و ٩٥١ كەسە، پێشبینیش دەكەین نزیكەی ٥ هەزار كەسی دیكە كەم ئەندام لەقۆناغی دووەم تۆماربكەین.

٭ڕێژەی هەژاری لەچ پلەیەكە؟

كوێستان محەمەد؛ تاوەكو سەرژمێری نەكرێت ڕێژەی هەژاری دیار نابێت، بەڵام ئاشكرایە دوای بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا و كەرەنتین و قەیرانی دارایی ڕێژەی هەژاری بەرزبۆتەوە، پێشتر نزیكەی ٨٨ هەزار خێزان مووچەیەكی ١٥٠ هەزار دیناری هەبووە مانگانە لای وەزارەتی كار، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٥ ئەو مووچەیە ڕاگیراوە، ئێستا كارمان كردوە تاوەكو لیستێكی خاوێن ئامادەبكەین چونكە لیستی پێشتر پڕی بووە لەنادادپەروەری و گەندەڵی بەهۆی دەست تێوەردانی حزبی خەڵكی دەوڵەمەند لەلیستەكەدا بووە، كەچی خەڵكی هەژار هەبووە لەدەرەوەی لیستەكە بووە ئێستا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و چەند ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی ڕێنماییمان ئامادەكردوە بۆ تۆماركردنی ئەو خێزانانەی هەژارن پاشان پشت ڕاستدەكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەردەوام كارمان كردوە بۆهاوكاری خێزانە هەژارەكان بەوەی لەكاتی كۆڕۆنا و كەرەنتین ١٤٠ هەزار خێزان هەریەكەو بڕی ١٠٠ هەزار دینارمان پێداون، هەروەها ٣٥٠ هەزار خێزان سەبەتەی خۆراكمان پێداون و بەردەوامیش بوون تەنانەت بەشێكی مووچەكەی خۆشم دابەشكردوە چ وەك كڕینی خۆراك چ وەك پارە، بەڵام ئێمە لەگەڵ بڵاومان نەكردۆتەوە لەبەرئەوەی بیكەینە ڕیكلام، دەمانەوێت پرسی دابەشكردنی هاوكاریەكانیش ڕێكبخەینەوە بەوەی خەڵكێك كە پێشتر ناشایستە بووە لەلیستەكان دەربهێنرێت، بەشێوەیەكی دادپەروەرانەش هاوكاریەكان دابەش بكرێت بەسەر سەرجەم ئەو خێزانانەی هەژارن.

٭لەبواری كرێكاران هەوڵەكانتان چی بوون؟

كوێستان محەمەد؛ ڕەشنووسی یاسای كارمان ئامادەكردوە لەگەڵ ڕەشنووسی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئامادەكراوە ئێستا لەئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پەسەندكردن، هەروەها ڕێنمایی هێنانی كرێكاری بیانی هەمواركردۆتەوە لەقۆناغی كۆتایین، سندووقی خانەنشینی هەیە كە هەر كرێكارێك دەستەبەركرابێت پارەكەی دەچێتە ئەو سندووقە و پاشان كەتەمەن و ساڵانی خزمەتی بەپێی یاسا گەیشت خانەنشینی، خانەنشین دەبێت، بەڵام كە ئێمە هاتین بەهۆی كەمی ژمارەی فەرمانبەر و لیژنەكان و پێداویستی هاتووچۆكردن چاڵاك نەبوون، ئێستا ئەو كەمووكوڕیانە چارەسەركراون و سەرۆكی حكومەت هەمووی دابین كردوە بۆیە ئێستا لیژنەكان چاڵاكن وایكردوە ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو و پارەی سندوقی خانەنشینی زیادبكات.

٭هۆكارەكانی بێكاری گەنجان چین؟ چیتان كردوە بۆ ئەوەی دەستی كاری ناوخۆ زیاتر بكرێت؟

كوێستان محەمەد؛ هۆكاری دەست نەكەوتنی كار لەلایەن گەنجان دەگەڕێتەوە بۆ هێنانی كرێكاری بیانی، كەبەشێكی پەیوەندی بەكەمی كرێی كرێكار هەبووە یان دەستەبەرناكرێن، بۆیە گەنجێك ئەگەر بزانێت لەكۆمپانیایەك ئایندەیەكی ڕوونی نەبێت ڕوو لەكەرتی گشتی دەكات، لەبەر ئەوە كارمان لەسەر هۆكارەكان كردوە، بەتایبەت ڕێنمایی هێنانی كرێكار كە تائێستا لەڕێی وەزارەتەوە لەچوارچێواری ڕێنماییەكان هاتوون زیاتر لە ١٦ هەزار كرێكارە، بەڵام ١٠٠ هەزار كرێكار هاتوونەتە ناو هەرێم بەناوی گەشتكردن و سەفەر كەئەوانە بەكرێی كەم كاریان كردوە و شوێنی كرێكاری خۆمانیان گرتۆتەوە، لەهەمان كاتدا كرێی كرێكاری ئاسایی ناكارامە ٢٨٥ هەزار دیناربووە كەئەگەر بەسەعات كاری كردبێت سەعاتی ١٥٠٠ دینار بووە، ئەمەش بەشی پێداویستیەكانی ژیانی كەسێك ناكات كاربكات، لەبەر ئەوە پارەكەمان بەئیمزای سەرۆكی حكومەت زیادكرد بۆ ٣٥٠ هەزار دینار و ١٥٠٠ دینارەكەش كراوەتە ٢٥٠٠ بڕیارەكەش چۆتە بواری جێبەجێكردن، هەروەها دەستەبەركردنی كرێكارانیش كارمان لەسەر كردوە بۆ ئەوەی گەنجان ڕوو لەكەرتی تایبەت بكەن چونكە هاوشێوەی كەرتی گشتی خانەنشین دەبن ئەم ڕێكارانەش خواستی كاركردن لەكەرتی گشتی كەم دەكاتەوە، لیژنەكانیش چاودێری شوێنی كار دەكەن تاوەكو خاوەن كار كرێكار نەچەوسێندرێنەوە، هەركۆمپانیایەكیش داوای دەستی كاری بیانی بكات فەرمانمان دەركردوە دەبێت لەماوەیەك ئەوكەسەی دێت بۆ كار ڕاهێنان بە كرێكاری ناوخۆ بكات، ئەویش لەكاتێك دوای بڵاوكردنەوەی هەلی كارەكە لەسێ ڕۆژنامە ئەگەر ئەو دەستی كارە لەناوخۆدا نەبوو ئینجا دەتوانێت كرێكاری بێنێت، تەواوی كۆمپانیاكانیش دەگرێتەوە.

٭ چۆن چارەسەری قەرەباڵغی چاكسازیەكان دەكەن بەهۆی زۆری ژمارەی سزادراوان؟

كوێستان محەمەد؛ بەردەوام لەپەیوەندیداین لەگەڵ چاكسازیەكان و سەردانیان دەكەین، چەندین بڕیار و فەرمانمان دەركردوە بۆ پاراستنی مافی سزادراوان تاوەكو پێشێل نەكرێت، بەڵام ئێمە شەش چاكسازی گەورانمان هەیە، ڕاستە چاكسازی گەوران لەسەر ستاندەر دروستكراوە بۆ ٩٠٠ كەس بەڵام بەهۆی ئەوەی هەر چاكسازیەك دووبەرامبەر خۆی سزادراوی تێدایە ئاستەمە ئەو چاكسازیەی دەمانەوێت بیكەین بۆ سزادراوان، چونكە سزادراوان دەبێت شیاندنەوەیان بۆبكرێت لەڕووی تێڕوانینی ئێمە كە مرۆڤ دۆستیە، زۆری ژمارەی سزادراوان لەم چاكسازیانە ئاستەنگن بۆ هەوڵەكانمان، لەهەمان كاتدا هەرسێ چاكسازی ژنان و نەوجەوانان لەسێ پارێزگاكەی هەرێم خراپن و كۆنن لەبنەڕەتدا نابێت ژنان و نەوجەوانان بەیەكەوە بن، چەند ڕاپۆرتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت كرد لیژنەیەكی باڵا دروستكرا دوای وەرگرتنەوەی پێشنیارەكان، بڕیاردرا چاكسازیەكی گەورە بۆ ٥٠٠٠ هەزار كەس دروستبكرێت بۆ بەشی تیرۆر و ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە، ئەمەش قەرەباڵغی چاكسازیەكان كەم دەكاتەوە دەتوانین باشتر چاكسازی بۆ سزادراوان ئەنجام بدەین، هەروەها پرسی دەستپێكردنەوەی كاركردن لەدروستكردنی سێ چاكسازی بۆ ژنان و سێ چاكسازی بۆ نەوجەوانان كە پێشتر كاری تێداكراوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی ڕاگیرابوو، بەداخەوە بەهۆی هەبوونی هەندێ ئاستەنگ بڕیارە ئەوەی هەولێر بچێتە بواری جێبەجێكردن، لەگەڵ ئەوەش كۆمەڵێك پێداویستی دابینكراوە بۆ چاكسازیەكان ئەوەی ماوە دروستكردنی بینای چاكسازیەكانە.