سەردێر

پەكەكە شەڕ دەباتە ناو شارە گەورەكانی توركیا

خەڵك-
ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕایدەگەیەنێت، شەڕی هەرە كاریگەر دەبەنە ناو شارە گەورەكانی توركیا و دەشڵێت: “ئەگەر توركیا بگاتە هەفتانین تا خواكوڕك ئەوە مانای وایە پارتی یارمەتی داون”.

دۆران كاڵكان، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پەكەكە بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاندووە، لەم قۆناغەدا هێرش تەنیا لە هەرێمی پاراستنی مەدیا بەڕێوەناچێت، لە هەر شوێنێك كە فاشیزمی ئاكەپە ـ مەهەپە هێرش بكەن، شەڕ لەوێدا ڕوو دەدات.

وتوشیەتی، “لە باكوور و لەتوركیاش شەڕ ڕوودەدەن، شەڕ دەربازی ناوخۆی توركیا دەبێت، لەشارە گەورەكاندا شەڕی هەرە كاریگەر ڕوودەدات. لەشارەكان و لەدەشتایەكاندا و لە چیاشدا شەڕ بەڕێوە دەچێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی خۆی لە خۆیدا بە ڕێگا و شێوازێك لەناو ئەم شەڕەدایە و عێراقیش بەشدارە، بۆیە ئەگەر دەوڵەتی توركیا دەتوانێت لە هەفتانین تا خواكورك خۆی بگەیەنێتە ئەو ناوچانە، ئەگەر دەتوانێت ئەو هەموو هێرشانە بكات، لەو كاتەدا ئەمە بە رێگەپێدان و پشتیوانی پارتی‌ و كاربەدەستانی عێراق ئەنجام دەدرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر دەوڵەتی تورك و پارتی بە پیلانیكی هاوبەش هێرش بكەن، دەبێتە كارەسات و شەڕ بە تەواوی باشووردا بڵاودەبێتەوه.