سەردێر

لەبارەی رەوشی هەرێمەوە هۆشداری دەدرێتە حیزبەكان

خەڵك- ئارام سەردار

چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، ئەو ڕێككەوتنانەی لەڕابردوو كران شێوەی گۆڕەپانی سیاسی عیراقی ئاڵۆزكرد بەشێوەیەك چارەسەركردنی كێشەكان ئەستەم بووە، ئەگەر عینادی سیاسیش لەهەرێم بەردەوام بێت دواڕۆژی هەرێمی كوردستانیش لەعیراق باشر نابێت.

عەبدولقادر هەركی، چاودێری سیاسی لەبارەی كێشەناوخۆییەكانی هەرێم و چارەسەرنەكردنیان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڕێككەوتنانەی لەڕابردوو كران شێوەی گۆڕەپانی سیاسی عیراقی ئاڵۆزكرد بەشێوەیەك چارەسەركردنی كێشەكان ئەستەم بووە، چونكە باس لەنەمان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەڕلەمان دەكرێت كە ئەمەش جەنگێكی ناوخۆیە دەرگای وڵاتی گرتووە، ئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر نەمانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی وئابووری كە بنەمای سەرەكین بۆ ئارامی وڵات.

دەشڵێت، ئەو هاوپەیمانیەتیە سێ قۆڵیەی درووست بووە لەعیراق هەموو لایەك دەزانن كە ئەمە ئەجێندای عیراقی نین بەڵكو ئەجێندای وڵاتانی دەرەوەن، لەكاتێكدا سەردەمی مام جەلال هەموو ڕێككەوتنەكان بەیەك پاكێج دەنووسران و هەرێمی كوردستان دەبووە كۆكەرەوەی لایەنەكان لەشیعە و سوونە، كورد گەورەترین لایەنی ناچار بەدانووستان دەكرد، بەڵام ئێستا بەهۆی ڕێككەوتنە تاكلایەنەكان عیراق بەرەو توونێلی تاریك دەڕوات ، ئەگەر عینادی سیاسیش بەردەوام بێت دواڕۆژی هەرێمی كوردستانیش لەعیراق باشتر نابێت، بۆیە دەبێت لایەنە كوردیەكان ناوخۆیان ڕێكبخەن، ڕێكەوتنیان هەبووایە ئینجا لەگەڵ بەغداد كۆبوونەوەیان كردبا.

لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێم ئەو چاودێرە سیاسیە باسی لەوەكرد، هەڵبژاردن پڕۆسەیەكە بۆ پاراستنی مافی دیمووكراسی و سیاسی تاك و لایەنەكان، ناكرێت لایەنێك لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیەكانی لەیاسای هەڵبژاردن جێگیركراوە بەرامبەر كۆی لایەنەكانی تر بوەستێت، یاسای هەڵبژاردنیش ئاساییە چەند ساڵ جارێك هەمواربكرێت، ئەگەر ئەو عینادیە بەردەوام بێت كۆی پرسەكانی وەكو ئاسایشی خۆراك و بازرگانی و تاك دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەر بەردەوام بن ئایندەی وڵات دەچێتە قۆناغێك كە دووكەڵەكەی دەچێتە چاوی خۆیان.

ڕوونیشیكردەوە، دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی هاوڵاتی و پڕۆسەی دیمووكراسیدایە، ناكرێت لەعیراق لەگەڵ ئەوەبیت هەڵبژاردن بۆ چەندین بازنە دابەش بكرێت، كەچی لەهەرێم دژی بیت، چونكە بەرژەوەندیەكانیان ئەوە ناخوازێت، عینادی بەردەوامیش ڕەنگە ئێستا كەمێك بەرژەوەندیت بپارێزێت، بەڵام لەداهاتووی ڕووبەڕووی كێشەی گەورەترت دەكاتەوە.