سەردێر

ئەو وەزارەتانەی ڕەوتی سەدر دەیەوێت دەستییان بەسەردا بگرێت ئاشكرا دەكرێن

سوننە و كوردیش داوای ژماریەك وەزارەت دەكەن

خەڵك-
جاسم محەمەد جەعفەر سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، قسەو لێدوانی حزب و فراكسیۆنەكانی هاوپەیمانی سێقۆڵی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە، جۆرێكە لە دیكتاتۆری و دوورخستنەوەی لایەنەكانی تری پرۆسەی سیاسی، ئاماژەی بە هەوڵی هاوپەیمانییەكەش كرد بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكان لەنێوان خۆیان.

جەعفەر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هاوپەیمانی سێقۆڵی دەیەوێت دەست بەسەر سەرۆكایەتییەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەڕاندان و لیژنە پەرلەمانییەكاندا بگرێت و بەسەر ئەو فراكسیۆنانەدا دابەشیان بكات كە لەژێر سایەی خۆیدان”.

بە وتەی سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا”ڕەوتی سەدر دەیەوێت دەست بەسەر 12 وەزارەتدا بگرێت، سوننەش 6 وەزارەتی دەوێت، كورد داوای 5 وەزارەت دەكات لە كۆی 23 وەزارەت، دابەشكردنی وەزارەتەكانیش بەپێی ئەم میكانیزمە، نابێتە مایەی پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو”.

جاسم محەمەد جەعفەر دەڵێت”هاوپەیمانی سێقۆڵی كاردەكات بۆ بانگێهێشتكردنی هەر وەزیرێك بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت، و هەوڵدەدات بەپێی میكانیزمێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی بكات، مامەڵە لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا بكات، شێوازی قسەكردنی فراكسیۆنەكانی هاوپەیمانی سێقۆرڵیش، جۆرێكە لە دیكتاتۆری و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی ئەوانی تر”.