سەردێر

لەم مانگەدا گەشتیارێكی زۆری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لە گۆمی فێڵاو دەكەن

ناوی گۆمی فێڵاو لە چییەوە هاتووە؟

خەڵك-
گەشتیارانی ناوچەی گەشتیاری گۆمی فێڵاو لە چۆمان لەمانگی چوار هەتا مانگی شەش ڕۆژانە نزیك دەبنەوە لە 200 كەس بە تایبەت لە ڕۆژانی پشوودا. ڕۆژانی جەژنیش نزیك دەبنەوە لە هەزار گەشتیار.

هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بۆ(خەڵك) دەڵێت، وەرزی گەشتیاری گۆمی فێڵاو لە مانگی چوارەوە دەستپێدەكات هەتا ناوەڕاستی مانگی شەش، ڕۆژانە و بەتایبەت لە ڕۆژانی پشوودا نزیكەی 200 گەشتیار سەردانی دەكەن، لە ڕۆژانی جەژندا ڕێژەكە زۆر زیاد دەكات، ساڵی پار لە یەك ڕۆژی جەژندا گەیشتە هەزار گەشتیار. ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی گەشتیارانی گۆمی فێڵاو لە زیادبووندان ناوخۆیی بیانیشیان تێدایە و گروپە شاخەوانییەكان و فۆتۆگرافەرانیش سەردانی ئەو ناوچە گەشتیارییە دەكەن.

“ڕێنمایی بە گەشتیاران دەدرێت، چەند شتێك قەدەغەیە”

سەبارەت بە پێدانی ڕێنمایی بە گەشتیارانی گۆمی فێڵاو، هەڵگورد محەمەد دەڵێت، بۆ ئەمساڵ بە هاوكاری قائیمقامیەتی قەزای چۆمان چاودێرێكی گەشتوگوزارمان لەو ناوچە گەشتیارییە داناوە، ڕێنمایی گەشتیاران دەكەن و ڕێگری لە تێكدانی سروشتەكەی دەكەن، ڕێگری لە هاتنی ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێل دەكەن بۆ چوونە ناو گۆمی فێڵاو، هاوكات پاشماوەی گەشتیاران كۆدەكەنەوە و ڕێنماییان دەكەن كە لە دوای خۆیان پاشماوە بەجێ‌ نەهێڵن.

ڕێگە نادرێت بەوەی هاوولاتییان بە ویستی خۆیان ئاگر بكەنەوە لەو ناوچە گەشتیارییە ، چونكە دەبێتە هۆی تێكدانی سروشتەكەی، ئاگردان دروست كراوە بۆ ئەوەی ئاگری تێدا بكرێتەوە، هەرچەندە زۆر جار گەشتیاران زۆرن و ئاگردانەكان بەش ناكەن، لەو حاڵەتەدا گەشتیاران ڕێگەیان پێدەدرێت كە غاز بەكار بهێنن لە جیاتی ئەوەی دار بسوتێنن. لە ساڵی داهاتوودا ڕێكارەكانی پاراستنی ئەو ناوچە گەشتیارییە زیاتر دەكرێت وەك هەڵگورد محەمەد وتی.

No description available.

“لە وەرزی زستانیش گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە ناوچەكە دەكەن”

بەڕێوەبەری گەشتو گوزاری سۆران دەڵێت، لە وەرزی زستانیش هاوشێوەی بەهار 1\12 هەتا 1\4 گەشتیارێكی زۆر لە گۆمی فێڵاو دەكەن، بەتایبەت گروپە شاخەوانییەكان و فۆتۆگرافەران، ئەوانەی لەسەر بەفر سەركێشی دەكەن.

“جوانییەك خۆی نمایش دەكات خەمەكانت بیر دەباتەوە”

ئاری قادر، یەكێكە لەو شاخەوانانەی كە سەردانی گۆمی فێڵاویكردووە و دەڵێت، ماوەی پێنج ساڵە شاخەوانم، ساڵی ٢٠19 بەتیمێكی تایبەت لەگروپی شاخەوانی زاگرۆس گەشتێكی شەومانەوەمان لە گۆمی فێڵاو بەئەنجام گەیاند، ئەو دەڵێت، هەستێكی زۆر خۆشت لا دروست دەبێت كە دەگەیتە گۆمی فێڵاو چونكە سروشتێكە بە وێنەی بەهەشت لەسەر زەوی سروشتی ئەو دەڤەرە لەیەك كاتدا ڕەنگی هەرچوار وەرزی ساڵی تیادا دەبینیت جوانییەك خۆی نمایش دەكات هەموو غەم و دڵتەنگیەكت لەبیر دەباتەوە.

No description available.

“پاشماوەكان كۆدەكەینەوە”

ئاری لەبارەی پاراستنی ژینگەوە دەڵێت، ژینگەپارێزی هەمیشە پێش وەرزشی شاخەوانی یە لەلای من، مەرجێكی سەرەكی شاخەوانان پاراستن و پاكژكردنی ژینگە و سروشتە لەهەموو گەشتێك لەدوای پشوو و نانخواردن هەموو ئەو دەبەی ئاو و پاشماوانەی دەمێنێتەوە دەیپێچینەوە و لەگەڵ خۆمان دەیهێنینەوە بۆ شوێنی تایبەتی خۆی دایدەنێین بۆ فڕێ دان .

“خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست نین”

بە وتەی ئاری، خزمەتگوزارییەكان لەو ناوچە گەشتیارییە وەك پێویست نین و دەكرێت باشتر بكرێن، ئەو دەڵێت،” هەرچەندە ئێستا بەراورد بەساڵانی ڕابردوو گۆڕانكاری دەبینرێت، هیوادارم باشتر بكرێت”.

هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت، لە سنووری باڵەكایەتی چەندین شوێنی گەشتیاری دیكەش هەیە كە بەبازاڕكردنیان بۆ نەكراوە، هەوڵ دەدەین ئەوانیش بناسێنین لە ساڵی داهاتوودا.

” وێنەی گۆمی فێڵاو لەسەر پولی پۆستەو گەیاندنی وڵاتی بەلجیكایە”

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، لە ساڵی ڕابردوو لەسەر پولی پۆستەو گەیاندنی وڵاتی بەلجیكا وێنەی گۆمی فێڵاو دانرا كە ئەوەش ڕۆڵێكی باشی هەبوو لە ناساندنی شوێنەكە بە گەشتیارانی بیانی گەشتیار هەبووە لە وڵاتی فینلەنداوە بەتایبەت هاتووە بۆ گۆمی فێڵاو.

هەڵگورد محەمەد داوایەك لە گەشتیاران دەكات و دەڵێت، داوا لە سەرجەم گەشتیاران دەكەم كە گرنگییەكی زۆر بدەن بە پاراستنی شوێنەكە لە دوای خۆیان پاشماوە بەجێ‌ نەهێڵن، بەڵكو نزیكی بكەنەوە لەو شوێنانەی كە كۆمپانیاكانی پاككەرەوە دەستییان پێی بگات، ئاگر نەكەنەوە و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل نەبەنە ناوچەكە.

May be an image of 1 person, nature, lake and mountain

ناوی گۆمی فێڵاو لە چییەوە هاتووە؟

لێكدانەوەیەك هەیە بۆ ناوی ئەو ناوچە گەشتیارییە و دەوترێت، بۆیە ناوی فێڵاوە لە وەرزی زستاندا گۆمەكە دەیبەستێت دەبێتە یەك پارچە شەختە و بەفر لەهەمان كات ژێر ئاوەكە زۆر گەرمە و لەوەوە پێی ووتراوە فێڵاوی ، بەڵام نازانرێت ئەو لێكدانەوەیە هەتا چەند ڕاستە.

گۆمی فێڵاو ناوچەیەكی گەشتیارییە لە سنووری باڵەكایەتی، هەزار و 875 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، تەنها 6 كیلۆمەتر لە قەزای چۆمانەوە دوورە، ئەو نزیكییەش وایكردووە كە گەشتیارێكی زۆر و هاووڵاتییانی ناوچەكە لە هەر چوار وەرزی ساڵ بەتایبەت زستان و بەهار سەردانی بكەن.

No description available.