سەردێر

موونا قاوەچی: دەستكاری كۆتاكان رەتدەكەینەوە

خەڵك
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و رێژەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان دەقنووس كراوە، نوێنەرانی پێكهاتەكانی توركمان و كریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتیەكی راستەقینەی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو پێكهاتە نەتەوەییانە دەكەن، ئەمەش نموونەیەكی پێكەوە ژیان و هەرە بەرز و جوانی هەرێمی كوردستانە.

مونا قاوەچی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبابەتێكدا نووسی: مەبەستی سەرەكی لە پێدان و دیاریكردنی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكان بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتكردن لە ویستەكانیان و بەرگریكردن لە مافەكانی خۆیان بوە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەیەك لایەنی سیاسی پاشگەزبونەتەوە لە دیموكراسیەت و لە سیستەمی كوتا، چونكە هەركاتێك ململانێی سیاسی نێوان لایەنەكان و یەكلاییكردنەوەی پرس و پێشهاتێكی سیاسی لە پەرلەمان، لێرە و لەوێ هێرشی نارەوا دەكرێتە سەر پێكهاتەكان ئاماژەی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدرێت بەئامانجی كەم كردنەوەی كورسی كۆتای پێكهاتە نەتەوەییەكان.

روونیشیكردەوە، پێكهاتەكانی كوردستان هەر هەوڵێكی لەم شێوەیە بەمەبەستی دەستكاریكردن و كەمكردنەوەی رێژەی كورسی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەنەوە و هەوڵێكە بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە.