سەردێر

زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی ئۆکراینی گەڕانەوە وڵاتەکەیان

خەڵک-

 

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین رایگەیاند “تەنها لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی ئۆکراینی گەڕانەوە وڵاتەکەیان”.

پاش ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان ئۆکراینی لە دەستپێکی بەرپابوونی جەنگی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەیان، دوێنێ یەکشەممە، راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین ئاماژەی بەوەدا، “لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی ئۆکراینی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان”.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمیسۆنی باڵا بۆ کاروباری پەنابەران، رایگەیاند “نزیکەی 205 هەزار کەس کە دانیشتووی ئۆکراین بوون و بە رەگەز خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون، لەو وڵاتە هەڵهاتوون و هەوڵی گەڕانەوەیان داوە بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان”.

ئەمە لە کاتیكدا، هەر لە سەرەتای بەرپابوونی جەنگەکەوە زیاتر لە دە ملیۆن ئۆکراینی ناچار بە ئاوارە بوون کران و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت، کە رێژەی چارەکێک لە دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدێنن.