سەردێر

وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گەشەیسەندووە

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێـم رایدەگەیەنێت وەبەرهێنان لە دوو ساڵی رابردوودا بەرەو پێشەوەچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە ساڵانی پێشتر بەو پێیەی چەندین كۆمپانیای وەبەرهێنی بیانی روویان لە هەرێم كردووە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی كارگێڕیی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) دەڵێت “سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت و پاش راگەیاندنی تەواوی وەزارەتەكانی حكومەت بۆ پلانەكانیان كە زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ پرۆژە لەخۆدەگرن، ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانییش داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لە هەرێمدا”.

هەروەك لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری (خەڵك) تایبەت بە دۆخی ئێستای وەبەرهێنان لە هەرێمدا، موخلیس سەلیم دەڵێت “بە دڵناییایەوە لە دوو ساڵی رابردوودا دۆخی وەبەرهێنان زۆر باشتر بووە بە بەروارد بە ساڵانی پێشتر”.

سەبارەت بەو وەبەرهێنانەشی کە گەندەڵی دەكەن لە پرۆژەكانیاندا، ئاماژەی بەوەدا “لێپێچینەوە دەكەن بەرامبەر ئەو وەبەرهێنانەی پرۆژەكانیان تەواو ناكەن یان جێبەجێی ناكەن، بە رەوانەكردنیان بۆ داواكاریی گشتی تا سزای یاسایی خۆیان وەرگرن”.