سەردێر

لە سلێمانی 8 ڕێكار بۆ دابەشكردنی مووچە ڕاگەیەنرا

خەڵك-
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاسپاردە و ڕێكارەكانی بۆ چارەسەری مووچەی خانەنشینان دەخاتەڕوو و جەختیشدەكاتەوە، كە دابەشكردنی مووچە بكرێت بە سیستمی كارتیی.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٢/٣/٢٦ ، بە سەرپەرشتی ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەن و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆك، سەرۆكی فراكسیۆنەكان و قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی ھەرێم، نوێنەری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری بانكەكانی سلێمانی بۆ دابەشكردنی مووچە كۆبۆوە.

لەكۆبونەوەكەدا، كە كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری بوو، پێشنیازەكانی چارەسەركردنی گرفتی پێدانی مووچەی خانەنشینان تاووتوێ كران، سەرەڕای كەمی پارە لە بانكەكان.

لە كۆتایدا بە كۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیاردار ئەم ڕاسپاردە ھەنوكەییانە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بكرێن:
١- جیاكردنەوەی مووچەی خانەنشینی سەربازی لەگەڵ خانەنشینی مەدەنی.
٢- لەكاتی دانانی خشتەی مووچەدا ئەولەویەت بدرێت بە خانەنشینان لەناو ڕیزبەندی وەزارەتەكاندا.
٣- زیادكردنی بینا و بنكەی دابەشكردنی مووچە بۆ بانكەكان، لەھەر شوێنێك، كە پێویست بێت.
٤- لەكاتی دابەشكردنی موچەی خانەنشیندا، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یان بەپێی پیتەكانی ئەلف و بێی ناوەكانیان بێت.
٥- شوێنی گونجاو شایستە دابین بكرێت بۆ خانەنشینان لەكاتی چاوەڕێ كردنیان بۆ وەرگرتنی موچەكانیان.

ڕاسپاردە بۆ چارەسەری دورمەودا:
پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری.
ا- دابەشكردنی موچە بكرێت بە سیستمی كارتیی.
ب- پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی سیستمی ھاوتای كەسی.
ج- ھەژماری بانكیی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان بكرێتەوە.