خەڵك-
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، كە چوارچێوەی هەماهەنگی هاوکێشەی سیاسیی لەعێراقدا سەرلەبەری هەڵدەگێڕێنێتەوە.
هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) كە لە نوری مالكی و هادی عامری و حەیدەر عەبادی و فالح فەیاز و قەیس خەزعەلی پێكهاتوون، بەهۆی ڕێككەوتنی نوێ لەگەڵ چەند لایەنێك هاوپەیمانییەكەیان فراوان كردووە و گەیشتۆتە 132 پەڕلەمانتار و ناوەكەیان گۆڕیوە بۆ (هاوپەیمانی جێگیری نیشتیمانی).
کازم حەیدەری، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هاوپەیمانی جێگیری نیشتیمانی 132 پەڕلەمانتاری تێپەڕاندووە و لەدانیشتنی داهاتووی پەڕلەمان، کە تایبەتە بەهەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار دەتوانێت سێیەکی پەکخەر دروست بکات.
ڕاشیگەیاندووە، “هاوپەیمانی سێقۆڵی لەڕێگای پێدانی پلە و پۆست و بڕە پارەیەکی زەبەلاح دەستیان کردووە بەکڕینی چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، کە تویتەکەی موقتەدا سەدری، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەوبارەیەوە ڕوون و ڕاشکراوبوو”.
ئاشكراشی كردووە، لەهەموو حاڵەتەکاندا چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی پێنج شەممە لەڕێگای هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری هاوکێشە سیاسییەکە سوپرایز درووست دەکات.