سەردێر

چوارچێوەی هەماهەنگی مەرجی خۆی بۆ ئامادەبوون لە دانیشنەكەی شەممە ئاشكرا دەكات

خەڵك-
چوارچێوەی هەماهەنگی كە هێزە سیاسییە شیعەكان لەخۆدەگرێت، مەرجی خۆی بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی شەممەی داهاتووی پەرلەمان كە تەرخان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەر سەرۆك كۆمار، ئاشكرا دەكات.

عارف حەمامی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”تاكە مەرجی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان كە بۆ دەنگدان لەسەر سەرۆك كۆمار تەرخانكراوە، پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانییە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر و ڕاگەیاندنییەتی بەشێوەیەكی فەرمی لە دانیشتنەكەی پەرلەمان”.

بە وتەی حەمامی”لەدوای ڕاگەیاندنی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن، لێكگەیشتن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر دەكرێت، لەنێو فراكسیۆنەكە لەبارەی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و كۆی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بە پێچەوانە و نەهاتنەدی ئەو مەرجە، بەشداریی لە دانیشتشنەكەدا ناكەین، لەم بڕیارەش پاشگەزنابینەوە”.