سەردێر

روسیا و ئێران چۆن هۆکار بوون لە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا؟

خەڵک

لە رێکەوتی ٢٧ی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١١دا، لە نزیک بازارێکی دیمەشقی پایتەختی سوریا، گەنجێکی سوری کە شۆفێری ماتۆڕی دەکرد کەوتە بەر لێدانی توندی هێزەکانی پۆلیسی شارەکە، ئەم رووداوە کاردانەوە و نارەزایەتییەکی زۆری بێ پێشینەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەرادەیەک وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە ناچاربوو رووبکاتە شوێنەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەوەش هەر زوو گردبوونەوەی ئەو هاووڵاتییانە کۆتایی پێهات.

هەر لەو کاتەدا سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکانی دانیشتووی دیمەشق و واشتنتۆن، هۆشدارییاندا لە گەیشتنی بەهاری عەرەبی بە سوریا.

بە تایبەت، لە پاش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی هەردوو سەرۆکی پێشووی تونس و میسر، بن عەلی و موبارەک.

دوابەدوای ئەوەش، لە مانگی ئاداری هەمان ساڵدا و لە (دەرعا) چەند منداڵێک دیواری قوتابخانەیەکیان نەخشاند بە دروشمی “دکتۆر سەرەی تۆش هات”، وەک ئاماژەیەک بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵات کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پزیشکییدا و پێشتر وەک پزیشکی سوپا لە هێزی سەربازیی سوریا کاریکردووە.

لە پاشاندا، منداڵەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەوە دەستبەسەر کران و رووبەرووی ئەشکەنجەدان بوونەوە، خیزانەکانیان داوایانکرد رۆلەکانیان ئازادبکرێن.

بە گوێرەی بەسەرهاتە باوەکان، بەرپرسێکی ئەمنیی ئەو کاتەی شارەکە کە کوڕی پوری ئەسەد بووە، وەڵامیان دەداتەوە و پێیان دەڵێت: “منداڵەکانتان لەبیربکەن و با ژنەکانتان منداڵی تر بخەنەوە، خۆ ئەگەر ناتوانن خۆتان ئەو کارە بکەن لەگەڵیاندا، بیانهێنن بۆ ئێمە، ئەو کارەیان پێدەکەین”.

ئەم چیرۆکە بڵاو بوویەوە و کەوتە بەر گوێی خەڵکی لە سەرتاسەری سوریادا  و هاوخەمی زۆری هاوڵاتییانی لێکەوتەوە و هۆکار بوو لە خۆشکردنی ئاگری نارەزایەتییەکانی وڵات.

بەو شێوەیە سوریا بووە زەوییەکی گونجاو بۆ سەرهەڵدان و بەردەوامیدان بە “بەهاری عەرەبی” تیایدا بە چەشنی تونس و میسر.

بەتایبەت کاتێک سورییەکان بە درێژایی چەندین ساڵ بوو دووچاری سەرکوتکردن و قەتیسبوونی ئازادیی رادەربڕین بووبوونەوە.

کڵپەی نارەزایەتییەکان پەرەیسەند تا راپەڕینی سەرتاسەریی، وڵاتەکەی گرتەوە بەڵام رژێمی ئەسەد هەر زوو بە زەبری هێز سەرکوتیدەکردن.

بە هاتنی هاوینی ساڵی ٢٠١١، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دژ بە رژێمەکە چەکیان هەڵگرت، پەیتا پەیتا نارەزایەتییەکان پەرەیانسەند، بە راددەیەک شەڕی ناوخۆی و براکوژی لێکەوتەوە.

لەو سەروبەندەدا، گومانێکی نێودەوڵەتی هەبوو سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن بەشار ئەسەدەوە، تاوەکو باراک ئۆباما؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، لە میانەی کۆنگرەیەکیدا لێدوانێکی چاوەڕواننەکراوی پێشکەشکرد و تیایدا رایگەیاند: “هێڵی سوور بۆ ئێمە بینینی کۆمەڵێک چەکی کیمیاییە کە جوڵەیان پێدەکرێت یاخود بەکاردێن.. ئەوەش حیسابات و کاردانەوەکانم دەگۆڕێت”.

لە ٢١ی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٣، ناوچەی (غوتە)ی دیمەشق رووبەرووی چەند هێرشێکی گازی کیمیایی (سارین)ی بووەوە و لە دەرئەنجامدا هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، ئەوەش کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و رۆژئاواش رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بەو کارەساتە.

وەک کاردانەوەیەکیش ئەمریکا بە پاڵپشتیی فەڕەنسا، ئامادەکاریکرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازیی ئاسمانی لە سوریادا.

هەروەک فرانسۆ ئۆلاند، سەرۆکی ئەوکاتەی فەڕەنسا لە کۆنگرەکەیدا رایگەیاند: “فەڕەنسا ئامادەیە بۆ سزادانی ئەوانەی بڕیاری هەڵەیان داوە سەبارەت بە بەکارهێنانی گازی کیمیایی دژ بە کەسانی بێتاوان”.

 

بەڵام لە دوایین ساتدا، باراک ئۆباما بۆچوونەکەی گۆڕی و پاشەکشەیکرد لە گۆرەپانی جەنگی بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی لەگەڵ رژێمی سوریادا، بەهۆی دەرکەوتنی روسیا لە گۆرەپانەکەدا، بەو پێیەی چەندین یەکەی سەربازیی خۆی رەوانەی سوریا کرد بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی رژێمی ئەسەد لە سەرکوتکردنی نارەزایەتییەکانی گەلی سوریادا.

لە لایەکی ترەوە، ئێران و حیزبوڵای لوبنانیش پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەسەد دووپاتکردەوە و سوپای خۆیان رەوانەی وڵاتەکە کرد بۆ یارمەتیدانی سوپای سوریا، لەو نێوەندەشدا چەندین لایەنی دیکەی بەرهەڵستکاری رژێمەکە پاشەکشەیانکرد و بێدەنگبوونیان هەڵبژارد.

 

بەو شێوەیەو بە یارمەتی دارایی و سەربازیی روسیا و ئێران، نارەزایەتییەکانی گەلی سوریا کپکران، ئەسەد لە پێگەی خۆیدا مایەوە، لە کاتێكدا زۆرێک چاوەڕوانی لەناوچوونیان دەکرد بە چەشنی موعممەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا.

سەرباری ئەوەش و دوای سەرهەڵدنی چەندین گروپی چەکداری بەرهەڵستکاریی رژێمەکە، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ساڵ لە سەرهەڵدانی نارەزایەتییەکانی گەلەکەی، بەشار ئەسەد بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ مانەوەی لەسەر کورسیی فەرمانڕەوایی و لە ئێستادا بەهێزتر لە جارانیش دەردەکەوێت.

وەک دوایین هەوڵیشی، ئێوارەی رۆژی هەینی، 18/3/2022 لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتدا، ئەسەد سەردانی ئیماراتیکرد و چاوی بە شێخ محمد بن زاید؛ جێنشینی ئەو وڵاتە و شێخ محمد بن راشد؛ فەرمانڕەوای دوبەی کەوت، هەرچەندە ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەو سەردانەیدا.

هەروەک سێشەممەی رابردوو، ئەمریکا بە هاوکاری هەریەک لە بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا  و ئەڵمانیا لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا رایانگەیاند “پاڵپشتی هیچ هەوڵێکی ئاساییکردنەوە یاخود پتەوکردنی پەیوەندی ناکەن لەگەڵ ئەسەددا”.