سەردێر

بۆ ڕەمەزان بڕێكی زۆر برنج دابەش دەكرێت

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، بڕێكی زۆری برنج گەیشتووە بە دەستیان و بۆ ڕەمەزان بەسەر هاوولاتیاندا دابەش دەكرێت.

عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕێكی زۆری برنج گەیشتۆتە بەندەرەكانی باشوور بەمەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی هاووڵاتییان بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لەگەڵ پێدانی دوو سەبەتەی خۆراكی بۆ ئەو مانگە لەپێناو بووژاندنەوەی سفرە و خوانی هاووڵاتیان و سووك كردنی باری سەرشانیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای تەواوكردنی ڕێكارەكان و پشكنینی برنجەكە دەنێردرێتە پارێزگاكان و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت و ئەوەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كۆنتڕۆڵ كردنی نرخ لە بازاڕدا.

وەزیری بازرگانی عێراق دەشڵێت: “بەپێی ئەو گرێبەستەی ئەنجامیان داوە چەند كەشتییەكی تری برنج لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەنە بەندەرەكان”.

بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە پارەی زیادەی فرۆشتنی نەوت ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوولاتیان زیاد دەكرێت بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی بازاڕ و بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیش دوو بەشەخۆراك دابەش دەكرێت.

بەپێی بڕیارەكە، هەر كەسێك لە بەشەخۆراك لەگەڵ ماددەكانی دیكە، كە لە 6 ماددە پێكهاتووە، 3 كیلۆ برنج وەردەگرێت، كە بۆ مانگی ڕەمەزان دوو سەبەتەی خۆراكییە و دەكاتە 6 كیلۆ.