سەردێر

حكومەتی عێراق 6 بڕیاری بۆ مووچە و بەشەخۆراك دەركرد

خەڵك-
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێدانی 3 بەشەخۆراك تا مانگی ڕەمەزان و لابردنی گومرگ لەسەر خۆراك و پێویستییەكانی هاوولاتیان بۆ دوو مانگ.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا دەقی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاوكردەوە، كە لە 7 بڕیار پێكهاتووە.

دەقی بڕیارەكان:
یەكەم: پێدانی پاداشتێكی 100 هەزار دیناری بۆ سەر مووچەی فەرمانبەران، كە مووچەیان لە 500 هەزار دینار كەمترە و خانەنشینان، كە لە ملیۆنێك دینار كەمترە و هەروەها بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی و ئەوانەش مووچەیان نییە.

دووەم: لابردنی گومرگ لەسەر كاڵا و خۆراك و موادی خانوو و پێویستییەكانی ڕۆژانە تاوەكو دوو مانگ و دواتر بڕیاری دیكە دەدرێت بەپێی دۆخەكە.

سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاوردەكردن، كە پێشتر بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەركرابوو تاوەكو دوو مانگ و دواتر بەپێی دۆخەكە بڕیاری دیكە دەدرێت.

چوارەم: پێدانی دوو بەشەخۆراك پێكەوە بەپێی پسووڵەی خۆراك و پەلەكردن لە پێدانی بەشەخۆراكێك لە ڕەمەزاندا و چاوخشاندنەوە بە ماددەكانی بەشەخۆراك بۆ باشتر كردنی.

پێنجەم: دواخستنی وەرگرتنەوەی باج لەسەر بازرگانانی هێنانی خۆراك.

شەشەم: كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی بازاڕ و وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی دژی سەرپێچیكاران.