سەردێر

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە

خەڵك- ڤیان حەسەن

لە سبەینێوە تاوەكو سێ ڕۆژ سێ بارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، لە سبەی یەك شەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە و هەر كەسێك مەرجەكانی تێدایە و دەیەوێت خۆی كاندید بكات دەتوانێت سیڤی پێشكەش بكات.

دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو پەڕلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی دووبارە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، بەڵام لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆماركرا و لە هەفتەی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا لەسەر نادەستووری بوونی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانەوە و جەختی كردەوە، كە دەبێت بە دەنگی زۆرینەی پەڕلەمانتاران ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.

لای خۆشییەوە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات 265 پەڕلەمانتار بەشدار بوون و تیایدا 203 پەڕلەمانتار دەنگیان بە بەڵێ‌ داوە و 62 پەڕلەمانتاریش بە نەخێر.