سەردێر

بایكۆت و خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕاگەیەنرا

خەڵك-
سەرەڕای زیادبوونی نرخی نەوت و ڕاگرتنی دابەشكردنی مووچە، بایكۆت و خۆپیشاندان لە هەندێك لە ناوەندەكانی خوێندنەوە دەستی پێكرد و بانگەواز ئاڕاستەی فەرمانبەران و تەندروستكاران و مامۆستایانی ئایینی دەكرێت بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی سەرتاسەری و كاتەكەی دیاریكرا.

هەژماری (دەنگی مامۆستایان) بڵاویكردەوە، ڕۆژی یەک شەممە بایکۆتی سەرتاسەری دست پێدەکات، چونكە مامۆستایان چیتر بەگیرفانی بەتاڵ ناتوانن دەوام بکەن.

لە دوێنێوە بایكۆت و ناڕەزایی لە بەشێكی فەرمانگە و خوێندنگەكان لەسنووری هەڵەبجە و دەرەبندیخان و گەرمیان دەستی پێكردووە و لە ئێستاشدا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین ئامادەكاری دەكرێت بۆ بایكۆت و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ڕۆژی یەك شەممەوە.

لای خۆشیانەوە، فەرمانبەرانی فەرمانگەكان و كارمەندانی تەندروستی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوای یەكخستنی هەڵوێست دژی دواكەوتنی مووچە دەكەن و داوای كاراكردنەوەی “ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی” دەكەن بۆ یەكخستنی هەڵوێستی سەرجەم فەرمانبەران و پێشڕەوی كردنی خۆپیشاندانەكان.

هاوكات، مامۆستا عادل حسێن، كە یەكێك بوو لە ئەندامانی دەستەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكان لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، پێویستە هەموو چین توێژەکان، مامۆستایان، زانایانی ئاینی، فەرمانبەران، کاسبکاران بەیەکەوە و لەیەک بەروار بێنە سەرشەقام، تەنها دابنیشن، جوڵە بوەستێ تا دەبێتە بایکۆتی سەرتاسەری .

ڕاشیگەیاندووە، بایکۆت پێویسته دوا بڕیار بێت و گشتگیر بێت. هەمومان ستەم لێکراوین، هەنگاوی جدی و هاوبەش و سەرتاسەری و بەیەکەوە هەڵنەگرین، ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانمان، مووچەمان خراپتر دەبێ.