سەردێر

ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان پۆتین و ماكرۆن ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
بەرپرسێكی فەرەنسایی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن بە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیای ڕایگەیاندووە، هەڵەیەكی گەورە بەرامبەر بە ئۆكرانیا دەكات و خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت سەبارەت بە حكومەتی كێیڤ، جەنگیش تێچووی لەسەر ڕوسیا زۆردەبێت و دەبێت بەهۆیەوە باجێگی گەورە بدات.

بەرپرسە فەرەنساییەكە ڕایگەیاند، پۆتین كە ئەمڕۆ پێنج شەممە تەلەفۆنی بۆ ماكرۆن كرد، جەختی لەسەر داگیركردنی ئۆكرانیا و داماڵینی چەكی وڵاتەكە كردەوە، بە بەشێوازیی دیپلۆماسی بێت یان سەربازیی.

ڕاوێژكاریی سەرۆكی فەرەنسا دەڵێت:”قسەكانی پۆتین هیچ شتێكی لەخۆنەگرت كە ببێتە مایەی دڵیایی و باسی لەوەكرد كە دەیەوێت هەژموونی نازییەكان لە ئۆكرانیا لەناوببات”.

هەروەها وتی”ماكرۆن بە پۆتینی وتووە:”تۆ درۆ لەگەڵ خۆتدا دەكەیت.. ئەمە زۆر لەسەر وڵاتەكەت دەكەوێت و دەبێتە مایەی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی لەژێر سزاكاندا”.

سەرۆكی فەرەنسا لە دوای پەیوەندییەكەی لەگەڵ پۆتین لەو بڕوایەدایە”هێشتا خراپتر بەڕێوەیە لە ئۆكرانیا، بەو پێیەی سەرۆكی ڕوسیا جەختی لەسەر درێژەدان بە هێرشەكەی كردووە كە ئامانج لێی داگیركردنی تەواوی وڵاتی ئۆكرانیایە”.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە كە كاتژمێر و نیوێك بەردەوام بوو، لەسەر داوای سەرۆكی ڕوسیا بوو كە بە سەرۆكی فەرەنسای ڕاگەیاندبوو”ئۆپەراسیۆنەكەیان پەردەوام دەبێت بەپێی ئەو بەرنامەیەی مۆسكۆ دایناوە، ڕەوشەكە زیاتر ئاڵۆز دەبێت گەر ئۆكرانییەكان بە مەرجەكانیان ڕازیی نەبن”.

پۆتین بەو ماكرۆنی ڕاگەیاندبوو”مەرجەكانی ئەو بەشێوازیی دیپلۆماسی لەلایەن ئۆكرانیاوە قبوڵناكرێت، بۆیە لەڕێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە دەیسەپێنێت، هەموو ئەمانەش لەلایەن ئیلیزییەوە ئاماژەیان پێكراوە “.