سەردێر

وەزارەتی دارایی لەسەر دابەشكردنی مووچە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

خەڵك-

وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەران ڕایدەگەیەنێت، كە بۆ تەواوكردنی مووچەی موچەخۆرانی مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٢، لە داهاتی مانگی دووی هەمان ساڵ تەمویل كردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە دەنگۆی “بوونی پارەی تەواو بۆ مووچە و دابەشنەكردنی بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێ‌ نەداوە” لە ڕووونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هەواڵە ڕەتدەكەینەوە، چونكە بۆ مووچەی مانگی (1) لە پارەی مانگی (2) تەمویل كراوە، هەروەك چۆن بۆ مووچەی مانگی (12) لە پارەی مانگی (1) تەمویل كرا.

وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەكەیدا هیچ ئاماژەیەكی بە كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 2 نەكردووە.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:
كەناڵی ئێن ئار تی، بە نەفەسێكی دەمارگیرانە خەریكی یاریكردنن بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم ئەویش بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست كە دەیانەوێت ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن.
ئەو كەناڵە ئاماژەی بەوە داوە گوایە چاوگێك لە وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندوون مووچە ئامادەیە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیان نەداوە. ئێمە لە وەزارەتی دارایی سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەتدەكەینەوە و ڕایدەگەیێنین كە هیچ بنەمایەكی نییە.
حكوومەتی هەرێم بۆ تەواوكردنی مووچەی موچەخۆرانی مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٢، لە داهاتی مانگی دووی هەمان ساڵ تەمویل كردووە، هەروەها بۆ موچەی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢١، بە داهاتی مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٢ تەمویل كراوە، پێشتریش لە بڵاكراوەیەكدا ئەم روونكردنەوەیە بە ڕای گشتی دراوە.
داوا لە گشت میدیاكان دەكەین خۆیان لە زانیاری هەڵە دووربخەن و بە پێچەوانەوە بەرامبەر بە یاسا بەرپرس دەبن.