سەردێر

چوار شەممە لەبارەی كردنەوەی دووبارەی دەرگەی كاندیدی سەرۆك كۆمار بڕیاردەدرێت

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چوار شەممە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر بڕیاری كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەدات.

دارا سێكانیانی ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لایەنە عێراقییەكان نەگەیشتنە ئەنجامێكی دیاریكراو بەتایبەت لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نەتوانرا 7ی مانگ كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و ژمارەی یاسایی تەواو نەبوو.
دەشڵێت”هەندێك كەس و لایەن لەسەر هەندێك لەو بڕگانەی پەڕلەمانی عێراق بەتایبەت كردنەوەی دەرگای خۆپالاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ جاری دووەم سكاڵایان تۆمار كردووە و چوار شەممە بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت”.

ڕوونیشیكردەوە، تا یەكلادنەوەی ئەو تانانە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەنجام نادرێت.
ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر بڕیارەكەی دادگا بەو شێوەبوو كە درێژكردنەوەكە نادەستوورییە، ئەوكاتە كاندیدەكان ئەوانەی پێشوون، ئەگەر درێژكردنەوەكەش دەستووری بوو ژمارەی پاڵێوراوەكان زیاتر دەبن.

ئاشكراشیكرد، ئەوەی بۆ هێزە كوردییەكان ناباشە، ئەوەیە نەیانتوانی بگەنە دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش كە نوێنەرایەتی كورد بكات، ئەمەش وایكرووە پێگەی داهاتووی سەرۆك كۆمار كە كوردە بەهێز نەبێت.
سەبارەت بە دەنگۆی دروستكردنی هاوپەیمانییەتییەكی نوێ لەلایەن نوری مالیكی كە یەكێتیش بەشداری دەكات، سێكانیانی ڕایگەیاند، بڕیارمانداوە بەشداری كابینەی حكومەت نەكەین، لەبەرئەوە لە هاوپەیمانیەتیەكاندا بڕیارمانداوە نەبین بە لایەنگیر، بەداخەوە كوردیش بووە بە سێ بەرەوە، بەڵام ئێمە لە هیچ بەرەیەك نین و لە سەنگەری مافەكانی گەلی كوردستانین.