سەردێر

كەشناسی ڕاپۆرتێكی دەربارەی بارانی بەلێزمە بڵاوكردەوە

خەڵك-
شەپۆلێكی بارانی بەلێزمە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرماش بەرزدەبنەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی نزیكبوونەوەی سەنتەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و سوور لەناوچەكەوە خێرایی با لە زۆربەی ناوچەكاندا لە كاتەكانی ئێوارەوە چالاك ئەبێت لە ئاڕاستەی باكوری ڕۆژھەڵاتەوە بەخێرایی ١٥ تا ٣٠كلم/س و ئەگەری بارانبارینی پچڕ پچڕ و كەم بۆ مامناوەند ئەبێت لە ناوچەی جیاجیادا و بەتایبەت لەكاتەكانی شەودا ڕێژەی بارانەكە زیاتر ئەبێت.

ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ڕادەی شێ لە ھەوادا پلەكانی گەرما بە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٥ تا ٦ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتنی دوو نزمه‌ پاڵەپەستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ده‌ریای سوور، كه‌ بارسته‌ هه‌وایه‌كی شێداری له‌گه‌ڵدایه‌ پێشبینی ده‌كرێ لە کاتەکانی دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه‌ ئاسمانی هه‌رێم به‌ته‌وای بگۆڕێت بۆ هه‌وری ته‌واو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سه‌ره‌تا به‌نمه‌ بارانی پچڕ پچڕ دەست پێدەکات پاشان بۆ ڕۆژی یەک شەممە ئاستی باران بارین هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ بارانی مام ناوەند و بارانی بەلێزمە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی هەرێم و درەنگانی شەوی یەک شەممە شەپۆلەکە کۆتایی دێت.