سەردێر

هۆكار و ڕێگرییەكانی بەردەم نەبوونی پڕۆژە یاسای بودجە

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بودجە دەروازەی شەفافیەتە، بەداخەوە حكومەتی هەرێم ئەو دەروازەیەی داخستووە.

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەبوونی یاسای بودجە گرفتێكی زۆر گەورەیە، چونكە یاسای بودجە بوونی پلان و بەرنامەی دارایی و ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و هەمەرەنگەی حكومەت نیشان دەدات، كاتێك كە حكومەت پڕۆژەیاسای بودجەی نییە، كەواتە پلانی نییە بۆ ژیانی خەڵك كەسیش نازانێت داهاتی ئەو وڵاتە چۆن پەیدا دەكرێت و چۆنیش خەرج دەكرێت.

وتیشی”بودجە دەروازەی شەفافیەتە، كە بودجەت هەبوو ئەوكات دەزانیت لە بوارەكانیتر شەفافیەت دروست بووە یان نا، بۆیە گرفتی زۆری بۆ هەرێم دروست كردووە”.

ئاشكراشیكرد، حكومەت بۆ ناتوانێت یاسای بودجەی هەبێت! ساڵی ڕابردوو بەڵینی زۆریاندا، ئەمساڵیش هەر بەڵێنیان داوە، ئێمە لە نیوەی مانگی دووداین هێشتا بودجەی ئەمساڵ ئامادە نەبووە، كەی ئامادە دەكرێت كەی پەسەند دەكرێت و ڕێنمایی دەردەچێت و كەی جێبەجێ دەكرێت؟، بۆیە ئەمساڵیش یان ناتوانن پڕۆژەكە ئامادە بكەن، یان ئەو سوودەی نابێت.
سەبارەت بە ڕێگرییەكانی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە ناوبراو ڕایگەیاند، ڕێگرییەكان بریتین لە نەگەڕانەوەی داهاتەكان بۆ خەزێنەی گشتی و نەبوونی شەفافیەت لە داهات و خەرجییەكان، جێبەجێنەكردنی یاساكان و ناكۆكی حزبەكانی پێكهێنەری حكومەت، ئەمانە هۆكارن، هەر ساڵێك كە یاسای بودجە ئامادە ناكرێت كارەكە قورستر و ئاڵۆزتر دەكات.
ڕوونیشیكردەوە، نەبوونی یاسای بودجە لە بەرژەوەندی خەڵك و سیستەمە و یاسای نییە، بەڵكو خەڵكانێك سوود لەو نەبوونی یاسایە دەبینن و بە ناڕەوای سوود لە داهاتی ئەم وڵاتە وەردەگرن.
جەختی لەوەش كردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی داراییمان بینیوە و بەڵێنیان داوە كە سەرقاڵی یاسای بودجەن.
ناوبراو ئاشكرایكرد، یەكێك لە گرفت و ڕێگرییە سەرەكییەكانی بەردەم یاسای بودجە ئەوەیە كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان داتای خۆی نادات بە وەزارەتی دارایی، نابێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان حكومەتێك بێت لەناو حكومەتدا، بەداخەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەریایەكە لە ناشەفافیەت.