سەردێر

یەكێتی و پارتی بە ناڕاستەوخۆ دوو ئیدارەییان راگەیاند

مووچەخۆرانی سلێمانی باجەكەی دەدەن

 

خەڵك-
ماوەیەكە بانكەكانی سلێمانی پارەیان تێدا نەماوە، مووچە دابەش ناكرێت، بوودجەی كۆمپانیاكانی زبڵ كۆكردنەوە نادرێت، مووچەخۆران و خانەنشنینان لە وادەی خۆیدا بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی مووچە وەرناگرن، بەڵام بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم و بەرپرسانی حكوومەتی نێوخۆی سلێمانی بێدەنگن.

هەرچەندە دابەشكردنی مووچە دوادەكەوێت و بە هێواشی دابەش دەكرێت، بەڵام بەهۆی كەمی سیولە لە بانەكەكانی سلێمانی، جارێكی دیكە پڕۆسەكە هێواشتر بووەتەوە و هەر وەزارەتێك بە دوو بۆ سێ ڕۆژ مووشەیان بەسەردا دابەش دەكرێت.

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتەكە ڕێكەوتنێكی خراپە لەنێوان یەكێتی و پارتی لە ئەنجومەنی وەزیران كە ئیدارەی سلێمانی خۆی داهات و خەرجی خۆی دابین بكات و ئیدارەی هەولێر و دهۆكیش خۆی بوودجەی خۆی دابینبكات، بەداخەوە ئەمە دوو ئیدارەییەكەیە و عەیبەیەكی گەورەیە بۆ حوكمڕانی هەرێمی كوردستان.
دەشڵێت”لە ئیدارەی سلێمانی خواست لەسەر پارە زیاترە و داهات و دابینكردنیشی كەمە، جگە لەوەی بەشێكی دیار نامێنێت”.
ئاشكراشیكرد، بەهۆی ئەو دوو هۆكارەوە مانگانە كورتهێنان دەبێت لە سلێمانی و بەداخەوە كە داهات كۆنتڕڵ ناكرێت، ئەوەش گەندەڵییەكی گەورە و سەقەتە و لە فشارداین بەرانبەریان.