سەردێر

“دەوڵەتانی خۆرئاوا دیموكراسیان بۆ عێراق و هەرێم ناوێت”

خەڵك-
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان سەبارەت بەوەی ئێستا لەسەر شانۆی عێراق دەگوزەرێت ئاماژە بەوەدەكات، ئەو هێزانەی ئێستا بانگەشەی حكومەتی زۆرینە دەكەن،هەر ئەوان هۆكاری دۆخی خراپی عێراق و تەشەنەسەندنی گەندەڵی بوون لەڕابردوودا.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە وتارێكدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق ئاماژە بەوەدەكات، “بابەتەكە گۆڕانكاریە لەهەژمووندا، جاران سوركردنەوە و كوڵاندنەكە لە مەتبەخی ئێرانیدا بوو، ئێستا توركیا و ئیمارات و هاوپەیمانەكانیانە، بۆیە هەتا هێز و حزبەكانی عێراق و كوردستان لەتەوقی بەبارمتەگیراوی دەرنەچن و ملكەچ و وابەستەی هێزە هەرێمایەتییەكان بن هەمان تاس و حەمامە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو هێزانەی، كە ئێستا بانگەشەی حكومەتی زۆرینە دەكەن، هەر ئەوان هۆكاری دۆخی خراپی عێراق و تەشەنەسەندنی گەندەڵی بوون لەڕابردوودا، بۆیە كە عەقڵیەت و دونیابینیت نەگۆڕابێت بەدڵنییاییەوە شكستەكان بەردەوام دەبن.

هەڵەدنی نووسیویەتی، “هیچ هێزێك لەعێراق بەوانەی لای خۆشمانەوە دۆڕان قەبوڵ ناكەن لەبەر لاوازی كەلتووری دیموكراسی و نەبوونی دامودەزگای سەربەخۆی چاودێری، مادام هێز و حزبە سیاسیەكانی عێراق و كوردستان چەك و پارە و دەزگای هەواڵگیریان بەدەستەوە بێت ئەوا ناسەقامگیری هەر بەردەوام دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “لەهەمووی كارەساتبارتر دەوڵەتانی خۆرئاوا دیموكراسیان بۆ عێراق و هەرێم ناوێت، بەڵكو تەنها بۆ وڵاتی خۆیانە لەڕابردوو و ئێستاشدا مامەڵە و پشتیوانی لە ستەمكارترین دەسەڵات دەكەن، نموونە دەسەڵاتەكەی لای خۆمان كەوەك سەردەمی دەرەبەگایەتی هەر ئەوەندەی ماوە سمتانە و سورانەش لە خەڵك وەربگرن، كە ڕۆژ بە ڕۆژ هاووڵاتی باری سەرشانی قورس و باجی زۆر و خزمەتگوزاریش كەم و هەر ڕۆژەی بەقەیرانێك بەرۆكی دەگرن”.