سەردێر

چاودێرێكی سیاسی: ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان كاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری هەرێم

"كورد لە ڕابردوودا زۆر شتی لەدەستداوە"

 

خەڵك-ئارام سەردار

چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، لەژێر ناونیشانی حكومەتی تەوافوقی نیشتیمانی لەعیراق، پێشتر كورد زۆرشتی لەدەستدا وەك خاك و مووچە وبوودجە زۆر ئاساییە سیغەیەكی تری نوێی پێكهێنانی حكومەت جێبەجێ بكرێت، خراپی پەیوەندیەكانی یەكێتی وپارتی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

ئاراس عبداللە، ڕاوێژكاری یاسایی و چاودێری سیاسی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كاریگەری نێودەوڵەتی وهەرێمی ڕۆڵی هەیە لەسەر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراق ودابەشكردنی پۆستەكان،بەداخەوە ئەمجارەش كورد نەیتوانی یەكگرتووبێت لەسەر یەك بەرنامە و ڕێچكە، بەڵكو ئەوەی بینیمان پارتی لەبەرەی عەزم وسەدر و تەقەدووم مایەوە، یەكێتیش لەبەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی مایەوە.

 

دەشڵێت، بەم شێوەیە پێگەی كورد لەبەغداد لاواز دەبێ و لەساڵانی داهاتووش ڕەنگە كەسێكی كورد بەدەر لەیەكێتی وپارتی بكرێتە سەرۆكی كۆمار، بەڵام ئێستاش كات ماوە ئومێد دەكەین پارتی و یەكێتی لەسەر یەك كاندید بگەنە ڕێككەوتن، چونكە هەركاتێك كورد یەكگرتووبێت دەتوانێت كاری باشتر بكات.

 

ئەوەشی خستەڕوو، شێوازی پێكهێنانی حكومەتی ئێستا گۆڕاوە، شێوازی تەوافوقی نیشتیمانی نییە، بەڵكو هاوپەیمانییە، خۆزگە یەكێتیش لە هاوپەیمانیەتیەی سەدر و پارتی و عەزم وتەقەدووم بوایە، بمانتوانیایە شتی باشتر بۆ هەرێم بكەین و تاوەكو ئەوكێشانەش ڕوویان نەدایە، چونكە خراپی پەیوەندیەكانی یەكێتی وپارتی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

 

ئاراس عەبدوڵا باس لەوەشدەكات، لەژێر ناونیشانی حكومەتی تەوافوقی نیشتیمانی لەعیراق، پێشتر كورد زۆرشتی لەدەستدا وەك خاك و مووچە وبوودجە زۆر ئاساییە سیغەیەكی تری نوێی پێكهێنانی حكومەت جێبەجێبكرێت، چونكە ئەوكات بۆكێشەكانی هەولێر و بەغداد پێویست ناكات لەگەڵ هەموو لایەنە شیعیەكان كۆببیەوە، یان بەڕێوەبەرێكی گشتی بتوانێت بوودجەی هەرێم ڕابگرێت.

 

بەپێی زانیاریەكان، پارتی چەند پێشنیارێكی پۆستی باڵای بۆ یەكێتی كردووە لەهەرێم و بەغداد لەبری سەرۆك كۆمار، بەڵام یەكێتی ڕەتی كردووەتەوە.