سەردێر

سلێمانی.. لە ماوەی 9 مانگدا زیاتر لە 6 هەزار داوای جیابوونەوە تۆماركراون

خەڵك
تەنیا لەنێو سەنتەری شاری سلێمانی لە ماوەی 9 مانگدا، زیاتر لە 6 هەزار داوای جیابوونەوە لە دادگای باری كەسێتی تۆماركراون.


لە پانێڵێكدا بە ناونیشانی”رۆشنبیری ژن و مێرد، خێزان لە هەڵوەشانەوە دەپارێزێت” كە ئەمرۆ شەممە 29\1\2022 لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، دادوەر كامەران رەسوڵ سەعید، دادوەری دادگای باری كەسێتی لە سلێمانی ئاماژەی بە ئامارەكانی 9 مانگی یەكەمی ساڵی 2021ی دادگای باری كەسێتی سلێمانی كرد.

لە ئامارەكەدا كە دادوەر كامەران خستنیەڕوو، كە تایبەتە بە سەنتەری شاری سلێمانی تێیدا هاتبوو، “لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 8 هەزار و 299 داوا لەبەدەم دادگەی باری كەسێتی سلێمانی بوون، لەو ژمارەیە شەش هەزار و 13 داوایان جیابوونەوە بووە، واتە لە هەر چوار داوایەك كە تۆماركراوە 3 داوایان جیابوونەوە بووە”.

بەپێی وتەی ئەو دادوەرە، لە كۆی ئەو 6 هەزار و 13 داوایەی بۆ جیابوونەوە لە بەردەستیان بووە توانیویانە 2 هەزار و 341 داوا یەكلا بكەنەوە و بڕیاری كۆتایی بدەن و كێشەكە بە كۆتا بهێنین، ئیدی بە جیابوونەوە بووبێت یان رەتكردنەوەی.

دادوەر كامەران رەسوول دەڵێت،” كۆی گشتیی ئەو داوایانەی لە بەردەم دادگا بووە، 8 هەزار و 299 داوا بووە كە 4 هەزار و 453 داوا یەكلا كراونەتەوەو ، ئێستا 3 هەزار و 846 داوایان لەبەردەست ماوە یەكلایی بكەینەوە”.