سەردێر

یەكەم حاڵەتی مردن بە ئۆمیكرۆن لەسەر ئاستی عێراق تۆماركرا

خەڵك-
لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2022، شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا بەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لەگەڵیشیدا حاڵەتەكانی تووشبوون بە جۆری گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا بەناوی (ئۆمیكرۆن) تۆماركران.

فەرمانگەی تەندروستی زیقار لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ شەممە 29-1-2022 یەكەم حاڵەتی مردن بە جۆری گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە پێكهاتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرا.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو كەسە چەند ڕۆژێكە تووشی كۆرۆنا لە جۆری ئۆمیكرۆن بووە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشكیدا بووە و ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.

ئاشكراشی كردووە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا بە دەیان حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە پارێزگاكە تۆماركراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ڕاپۆرتی تەندروستی عێراق، دوێنێ‌ ژمارەی تووشبووان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێم گەیشتە سەرووی 1800 كەس و ڕیاز حلفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای كرد، كە لە لوتكەی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنادان و جەختیشی كردەوە، كە پێویستە هاوولاتیان دژی كۆرۆنا خۆیان بكوتن.