سەردێر

یەكێتی مامۆستایان هەڵوێستی لەسەر پلەبەرزكردنەوە ڕاگەیاند

خەڵك-

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەینێت، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنەی هەموولایەك هەیە.

نزیكەی 7 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە بڕیارێكی “نایاسایی” وەستێنراوە بە بیانووی قەیرانی دارایی، بەڵام نزیكەی دوو ساڵە دۆخی ئابووری هەرێم باش بووە، بەڵام جگە لە پلەبەرزكردنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، پلەبەرزركدنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی وەستاوە و هیچ ڕوئیایەكیش نییە بۆ دەستپێكردنەوەی.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە هەوڵی زۆرمان داوە بە نووسراو و سەردان بۆ لای وەزیری پەروەردە، بەڵام حكومەت تا ئێستا نەچۆتە ژێر باری ئەو بابەتە، لەكاتێكدا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە و داهاتێكی باشی هەبووە.

وتیشی، “لە هەوڵەكانمان بەردەوامین و لە ماوەی پێشوودا سەردانی وەزیری پەروەردەمان كرد و یەكێك لە بابەتە گرنگەكان، بابەتی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە بوو، بەڵام وەزیری پەروەردە دەسەڵاتی ئەوەی نییە و وەزیری داراییش ئەو دەسەڵاتەی نییە و دەمێنێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ ئەو بابەتە هەوڵی هەمەلایەنەی دەوێت، هی هەموو چین و توێژەكان بە مامۆستایان و فەرانبەرانەوە.

سەبارەت بە پشتگیری مامۆستایان ناڕازی بۆ ئەگەری هەر فشارێك، ناوبراو ڕایگەیاند، وەكو بایكۆت نا، بەڵام دەبێت هەموولایەك فشاری جۆراوجۆر و ڕێكارە مەدەنییەكان بگرینەبەر، چونكە مافێكی هەموو مامۆستا و فەرمانبەرێكە و بیانوویەك نەماوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر دوابخرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ئێستادا هاشتاگ و كەمپینی (#بەڵێ_بۆپلەبەرزكردنەوەی_مامۆستایان_فەرمانبەران) لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ڕاگەیەنراوە و هۆشداری بە حكومەت دەدەن لە دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و بایكۆت لە حاڵەتی نەگێڕانەوەی ئەو مافە یاساییە.