سەردێر

نرخی ئاڵتون گەورەترین شكانی تۆماركرد

خەڵك-
دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك، لەماوەی ئەمساڵدا ئاڵتون زۆرترین بەهای خۆی لەدەستدا و ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە هەفتەی ڕابردوودا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە 1844 دۆلار و هەر ئەوكات پێشبینی دابەزینی ڕێژەیەكی زۆر لە نرخەكەیمان كرد، چونكە كاتێك نرخی زێڕ لە ناوچەی 1800 بۆ 1850 دۆلار بوەستێ‌، دواتر دابەزین تۆمار دەكات.

ڕاشیگەیاند، وەك پێشبینیمان كرد، ئەمڕۆ نرخەكەی دابەزیوە بۆ 1780 دۆلار، كە بە بەراورد بە ڕۆژی چوار شەممەی پێشوو 64 دۆلار لە یەك ئۆنسە دابەزیوە و ئەگەری دابەزینی زیاتریشی هەیە تا 1755 دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 372 هەزار دینارە.