سەردێر

بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئۆنلاین دەدرێت

خەڵك-

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات ڕایدەگەیەنێت، خوێندنی ئۆنلاین بۆ ئەو خوێندكارانەی وەرزی یەكەم بە ئۆنلاین خوێندویانە بەردەوام دەبێت، بە مەرجێك لاری نەبوونی نوێ لەلایەن بەخێوكارەكانیانەوە وەربگیرێت.

تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرووی هەزار و 500 كەس ڕۆژانە بەرزبۆتەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ داخستن یان نۆبە (تناوب)ی ناوەندەكانی خوێندن نەدراوە، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیش داوا دەكەن، مامۆستایان و خوێندكارانی سەروو 18 ساڵ ڤاكسین وەربگرن، هاوكات ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری ئەوە دەدات، ئۆمیكرۆن مەترسیدارە و داوا دەكەین سەرجەم وڵاتان ئامادەكاری بۆ خوێندی ئۆنلاین بكەن.

تریفە محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێش دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم نووسراوی فەرمیان كردووە بۆ سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەی پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن، سەردانی مەیدانیشمان كردووە بۆ زۆربەی خوێندنگەكان، بەڕاستی جێی دەستخۆشییە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن زۆربەی پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستییەوە.

وتیشی، “تاكو ئێستاش ئاماری تووشبووان بەو شێوەیە بۆمان نەهاتووە، كە حاڵەتێك هەبێت لە ناوەندەكانی خوێندن، چونكە ئەگەر هەبێت بەڕێوەبەرەكان پەیوەندیمان پێوە دەكەن”.

سەبارەت بە خوێندنی ئۆنلاین، ناوبراو ئاشكرایكرد، ناتوانین لە خۆمانەوە بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین بدەین، دەبێت بزانین نەخۆشیەكە بەرەو كوێ دەڕوات و داتاكان چی بە لیژنەی باڵای كۆرۆنا دەڵێن و هەركات بڕیار بدرێت ئێمەش جێبەجێی دەكەین.