سەردێر

بۆ پلەبەرزكردنەوە، بایكۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاگەیەنرا

خەڵك-

فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان كەمپینێكیان بۆ گێڕانەوەی مافی یاسایی خۆیان لە پلەبەرزكردنەوە ڕاگەیاند و هۆشداری دەدەن لە بایكۆت و خۆپیشاندان ئەگەر ئەو مافەیان بۆ نەگەڕێنرێتەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە، كە بەم ساڵەوە دەبێتە 7 ساڵ بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێنمایی دارایی ژمارە 11ی ساڵی 2016 پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی ڕاگیراوە، بەڵام بۆ هێزەكانی ناوخۆ بەردەوام بووە و بۆ هێزەكانی پێشمەرگەش دوو ساڵە دەستی پێكردۆتەوە.

لە ئێستادا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، مامۆستایان و فەرمانبەران هاشتاگ و كەمپینی (#بەڵێ_بۆپلەبەرزكردنەوەی_مامۆستایان_فەرمانبەران) ڕاگەیاندووە و هۆشداریان داوە لەوەی “یان پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران یان بایكۆت و خۆپیشاندان و دەوام نەكردن”.

مامۆستایان و فەرمانبەران لە كەمپینەكەدا، كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی حكومەت و پەڕلەمان و وەزارەتی دارایی و وەزیرەكان كراوە ئاماژەیان بەوەكردووە، دوای ٧ ساڵ لە ڕاگرتنی مافی یاسایی پلەبەرزكردنەوەمان، وەك فەرمانبەرانی كوردستان، داواتان لێدەكەین چیتر بە بیانووی قەیران ئەم مافەمان پێشێل و زەوت مەكەن و بە زووترین كات بۆمان بگێڕنەوە.

كەمپینی گێڕانەوەی مافی پلەبەرزكردنەوە:

بەڕێزان/ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران
وەزارەتی دارایی و وەزیرەكان
دوای ٧ساڵ لە ڕاگرتنی مافی یاسایی پلەبەرزكردنەوەمان، وەك فەرمانبەرانی كوردستان، داواتان لێدەكەین چیتر بە بیانووی قەیران ئەم مافەمان پێشێل و زەوت مەكەن و بە زووترین كات بۆمان بگێڕنەوە، لەكاتێكدا ئەم داواكارییە دەكەین كە دڵنیاین داهاتی حكومەت تەواو زیادی كردووە و زۆر بەئاسانی دەتوانرێت كەڤەڕی پلەبەرزكردنەوەكانمان بكات..
ئەم كابینەیە وەك دەگووترێت و لێی چاوەڕێ دەكرێت كابینەی گێڕانەوەی مافەكانمان و چاكسازییە، بەڵام بە زەوتكردنی پلەبەرزكردنەوەكانمان ئەم بانگەشەیە دەچێتە ژێرپرسیار و پەرلەمانتارانیش كەمتەرخەم دەردەچن لەبەرامبەر دەنگدەرانیان و جێگری سەرۆكی حكومەتیش لە بانگەشەی هەڵبژاردنی چەندین جار ئاماژەی دا بە كارا كردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كەچی ئەوە زیاتر لە شەش مانگە هیچ ئاسۆیەك بەدی ناكرێت و تەنانەت كەس باسیشی ناكات، تەنانەت ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەیەكیدا بەڕوونی دەڵێت پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ناگەڕێتەوە تا كۆتایی قەیرانی دارایی، كەچی پەرلەمانتارانی سەربە پارتەكەی جەنابی وەزیری دارایی چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە داهاتی حكومەت تەواو زیادی كردووە و هیچ قەیرانێك نەماوە، خۆشمان ئەم ڕاستییە باش دەزانین.
بۆیە پیویستە بە زووترین كات پلە بەرز كردنەوە بكرێتەوە ، و لە رۆژی شایستە بوونی فەرمانبەران و مامۆستایانەوە ئەژمار بكرێت.