سەردێر

خاوەن تۆڕ و نوسینگەكانی كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا دەستگیردەكرێن

هەرێمی كوردستانیش هاوكاریی بەغدا دەكات

خەڵك-
بەرپرسێكی باڵای عیراق، ئاماژە بە پێكهێنانی تیمێكی ئەمنی هاوبەش دەكات لە دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و حكومەتی هەرێم، لەپێناو دەستگیركردنی خاوەن تۆڕ و نوسینگەكانی كۆچی نایاسایی عیراقییەكان بۆ ئەوروپا.

دوو مانگە حكومەتی عیراق هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ گێڕانەوەی هاووڵاتیانی لەسەر سنورەكانی بیلاڕوس و پۆڵەندا و لیتوانیا، لەم ماوەیەی دواییشدا گێڕانەوەی زیاتر لە 4 هەزار كەسی بۆ وڵات ڕاگەیاند و دەسەڵاتدارانی بیلاڕوسیشی تۆمەتباركرد بە خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ عیراقییەكان و بەكارهێنانیان لە ململانێ سیاسییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا.

بەرپرسێكی باڵای عیراقی بە میدیا عەرەبییەكانی ڕاگەیاندووە”تیمێكی هاوبەش لە هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی پێكهێنراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا خاوەن تۆڕ و نوسینگەكانی سەفەركردنی یاسایی دەستگیربكات كە عیراقییەكانیان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارەدا فریوداوە بۆ سەفەركردن بەرەو ئەوروپا، ئەو كارەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەكەوێتە چوارچێوەی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤەوە”.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر تەرمی ژمارەیەك هاووڵاتی عیراقی كە بەلەمەكەیان لە دەریای ئیجەدا نوقمبوو لە نزیك دوورگەیەكی یۆنانی، گێڕدرانەوە وڵات.