سەردێر

“بە سەركەوتنی پڕۆژەیەكی ئەمریكی، گورزێكی كوشندە بە هەرێم‌و ڕۆژئاوای كوردستان دەكەوێت”

خەڵك-

توێژەرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئیمارات دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان توركیا – ئیسرائیل بۆ ئاسایكرنەوەی پەیوەندییەكانیان.

ئارام ئەحمەد توێژەری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئاماژەكانی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا – ئەمریكا، توركیای خستووەتە بارێكی نوێ، بەشێوەیەك جوڵەی بەرەو سعودیە و ئیمارات دەستپێكردووە، ئەم دۆخە نوێیەش بۆ توركیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیمارات دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان توركیا – ئیسرائیل بۆ ئاسایكرنەوەی پەیوەندییەكانیان.

وتیشی” توركیا و ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان ئاساییدەكەنەوە و پڕۆژەی گازی سروشتی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش كە بەشێكی گەورەی پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە ئاڕاستەی بەرەو خاكی توركیا دەگۆڕێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەمریكا بەم كارەی دەیەوێت توركیا لە ڕوسیا دووربخاتەوە، چونكە ماوەیە ڕوسیا لەڕێگەی پڕۆژەی ستریم دوو و لەڕێگەی دەریای ڕەش گەمارۆی زیاتری ئەوروپا بدات.
ڕوونیشیكردەوە، لە ئەگەری سەركەوتنی پڕۆژەكە گورزێكی كوشندە بەر ڕۆژئاوای كوردستان دەكەوێت و دوور نیە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبێت، سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش بۆ ئیمارات بەشێكی پەیوەستدارە بەو بابەتەوە.