سەردێر

وەزارەتی شارەوانی، داوا لە هاووڵاتیانی دەكات قەرزی حكومەت بدەنەوە

خەڵك-

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی ئاو، یەكێكە لە بڕیارە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە پارەیەكی كەمتر بتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە، ئێستاش لە سەرتاسەری كوردستان ئەو هاوبەشانەی قەرزی ئاو دەدەنەوە بە گەرموگوڕییەوە پێشوازی لە بڕیارەكە دەكەن و بە بڕیارێكی باش ناوی دەبەن و سەردانی فەرمانگەكەمانی ئاو دەكەن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هەر هاوبەشێكی ئاو كە پێوەری بەستووە، ئەگەر بۆ مانگێك هەرچەندی پارەشی بۆ هاتبێتەوە، وەك نموونە، ئەگەر لە مانگێكدا 150 هەزار دیناری بۆ گەڕابێتەوە، لە 45 هەزار دینار زیاتر نادات و بڕیاری لێخۆشبوونیش دەیگرێتەوە.

ئاشكراشیدەكات، بڕیاری لێخۆشبوونی ئەو ڕێژەیەی 15%ی قەرزی ئاو بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە و درێژ ناكرێتەوە، بۆیە فەرمانگەكانی ئاو لە سەرتاسەری كوردستان داوا لە هاووڵاتییان و ئەو هاوبەشانە دەكەن كە قەرزاری كرێی ئاون، تا زووە سەردانیان بكەن و لە بڕیارەكە سوودمەندبن و بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیش هەموو كارئاسانییەك دەكەن.