سەردێر

هۆكاری هێرشی داعش بۆسەر گرتووخانەی سناعە ئاشكرادەكرێت

خەڵك-

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت، هێرشی داعش بۆسەر گرتووخانەی سناعە لە گەڕەكی غوێرانی شاری حەسەكە پەڵەیەكەی شەرمەزاریییە بەناوچەوانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، لەوەتەی داعش بەزێنراوە، گرتووخانەكانی ڕۆژئاوای كوردستان جمەیان دێت‌ و هەزاران چەكداری داعش، بەشێوەیەك هێشتا نزیكەی 12 هەزار چەكدار لەزیندانەكانی ژێر دەستی هێزەكانی سووریای دیموكراتدان، جگە لەوەی 70 هەزار ژن ‌و منداڵی ئەو چەكدارانە لەكەمپی ئاوارەكاندان‌ و لەلایەن هەسەدەوە پاسەوانیان دەكرێت.

ئاشكراشیدەكات، لەماوەی ڕابردوودا بەریتانیا و وڵاتە ئەورووپیەكان پشتی خۆیان لە بابەتەكە هەڵكرد و ئامادەنەبوون ڕێگا بەو چەكدارانە ‌و خێزانەكانیان بدەن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان و لەوێ دادگایی بكرێن.

ڕۆژنامەكە ڕوونیشدەكاتەوە، تڕەمپ لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لەگەڕانەوەی داعش، ئەویش كاتێك نیوەی هێزە وشكانییەكەی كشاندەوە، لەكاتێكدا ئەو هێزانە یارمەتیدەربوون لە پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات.

ڕۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی وڵاتە ڕۆژئاواییەكان دەڵێن، ئیدارەی خۆسەر لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە دانی پێدانەنراوە، هەروەك لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانیشەوە دانپێدانراو نییە، ئەمەش وادەكات بەشێوەیەكی یاسایی نەتوانن مامەڵەی ڕادەستكردنی تاوانبارانی لەگەڵدا بكەن.