سەردێر

تەندروستی: ئەم كەسانە تووشی كۆرۆنا دەبن

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی پێیوایە شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، ڕەتیشیكردەوە بتوانرێت ترۆپكی شەپۆلەكە دیاریی بكرێت.


ڕوبا فەلاح، ئەندامی تیمی پزیشكی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”پێداچوونەوەمان بۆ ئاماری تووشبوونی ڕۆژانە كردووە و نازانین كەی دەگەینە ترۆپكی شەپۆلەكە یان كەی تەواو دەبێت، بەڵام دەتوانیین لە هێز و توانای بڵاوبوونەوەی كەم بكەینەوە، لەڕێی پابەندبوونمان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی”.

بە وتەی ڕوبا فەلاح”ئەوانەی زیاتر تووشی كۆرۆنا دەبن لە شەپۆلی چوارەمی بڵاوبوونەوەی پەتاكە، ئەوانەن كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، ئەوان مەترسی زیاترییان لەسەرە بۆ تووشبوون”.

ئەو ئەندامەی تیمی پزیشكی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێت”ئەو ڤاكسینانەی فەراهەمكراون، كاریگەرییان لەسەر هەموو جۆرەكانی كۆرۆنا هەیە و كاریگەرییان سەلمێنراوە، بۆیە وەرگرتنی ڤاكسین و پابەندبوون بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە بەستنی دەمامك و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی، گرنگترین ئامرازن بۆ بنبڕكردنی ڤایرۆسەكە”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق گشتاندنێكی بۆ هەموو دامەزراوە تەندروستییەكان دەركرد بە تەندروستی هەرێمی كوردستانیش، تا دەستبكرێت بە پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆنا بە هاووڵاتیانی سەرو 18 ساڵ.