سەردێر

یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكارانی زانكۆ دەستی پێكرد

خەڵك-
دوای پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكارانی باخچەكانی ساوایان و خوێندنگەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، یەكەم زانكۆ لە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر بڕیاری پەیڕەوكردنی یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكاران خستە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و لەمڕۆوە پەیڕەو كرا.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا و لە پێش سەردەمی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكاران لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا 12ی ئامادەیی و ئەو بڕیارەش پپێشوازی زۆری لێكرا و لە ئێستاشدا داوا دەكرێت لە زانكۆ و پەیمانگاكانیش پەیڕەو بكرێت، كە لە چەند ڕوویەكەوە سوودی هەیە.

یەكپۆشی لە خوێندنی باڵا دەستی پێكرد
ڕاگرایەتی زانكۆی هەولێری پزیشكی، بە نووسراوێكی فەرمی ئاگاداری سەرجەم خوێندكارانی كردۆتەوە، كە لەسەر فەرمانی سەرۆكی زانكۆ لە كۆتایی ئەم مانگەوە سیستمی یەكپۆشی دەستپێدەكات و سەرجەم خوێندكاران پەیڕەوی بكەن.

هەر بەپێی نووسراوەكە، “خوێندكار لە هەڵبژاردنی جۆری جلوبەرگەكەی ئازادە، بەڵام جۆری ڕەنگەكە پێكدێت لە ڕەش و سپی و نیلی، ئەوەیش بەپێی كۆلێژ و بەشەكان ڕێكخراوە و هەر خوێندكارێك سەرپێچی بكات خۆی بەرپرسیار دەبێت”.

هاوكات، ئەمڕۆ چوار شەممە 26-1-2022 لە کۆلێژی پزیشکی گشتی لەبەركردنی سکڕەبی ڕەش و نیلی پەیڕەو كرا بۆ گشت کاتەکانی دەوام و ئەوەی پابەند نەبێت بە بڕیاری ڕاگری کۆلێژ بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت و کۆلێژەکانی تریش بە هەمان شێوە (ددان ، دەرمانسازی ، پەرستاری ، زانستە تەندروستییەکان) دەگرێتەوە.

داوای یەكپۆشی لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت
لە ساڵانی ڕابردوودا و دوای پەیڕەوكردنی یەكپۆشی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، دادگای سلێمانی-ش بڕیاری یەكپۆشی دەركرد و لە ئێستادا فەرمانبەرانی سەرجەم دادگاكانی سەر بە سەرۆكایەتی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی یەك جۆر جلوبەرگ دەپۆشن، كە بریتیە لە (پاتنۆڵ یان تەنورەی نیلی لەگەڵ قەمیس یان بلووسی سپی).

بەپێی بەدواداچوونێكی مەیدانی (خەڵك) لە بەشێكی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم، بەشێكی زۆری خوێندكاران داوا دەكەن سیستمی یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكاران پەیڕەو بكرێت، كە لە ڕابردوودا و پێش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 ئەو سیستمە پەیڕەو كراوە و زۆر سوودی بۆ خوێندكاران و كەسوكاریشیان هەبووە.

وەك خوێندكاران ئاماژەی پێ‌ دەكەن، “یەكپۆشی دەبێتە هۆی ئەوەی جۆرێك لە ڕێكوپێكی لە جلوبەرگ و بوونی سیستمێك پەیڕەو بكرێت و لەهەمان كاتیشدا بارگرانی لەسەر شانی خۆیان و كەسوكاریشیان كەم دەكاتەوە، كە بەردەوام دەبێت جلوبەرگ بكڕن و ئەوەش پارەیەكی زۆری دەوێت و هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی بابەتی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی تا ڕادەیەكی زۆر كەم بكاتەوە”.

لە سەردەمی پێش هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتینە و كەمبوونەوەی دەوام، كار بۆ ئەوە دەكرا هاوشێوەی كەرتی پەروەردە، لە كەرتی خوێندنی باڵا كار بە سیستمی یەكپۆشی خوێندكاران بكرێت، بەڵام كەرەنتینە و خوێندنی ئۆنلاین و كەمبوونەوەی مووچە ئەو بڕیارەی ڕاگرت.