سەردێر

بەشەخۆراكی ئەم مانگەی هاووڵاتیان دیاریكرا

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق‌ ئاشكرای دەكات، یەكەم سەبەتەی خۆراكی لە چوارچێوەی پسووڵەی خۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیان لەم ھەفتەیەوە لەڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە دابەشدەكرێت.

عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق‌ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەم ھەفتەیەوە لەڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە دەستدەكرێت بە دابەشكردنی یەكەمین سەبەتەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان، كە لە 6 ماددەی خۆراكی پێكهاتووە لەگەڵ ئاری مانگانە.

ڕاشیگەیاندووە، ماددەكانی سەبەتەی خۆراكی ئەمساڵ سەرجەمیان كوالێتیان بەرزه و پێكهاتوون لە (نۆك و فاسۆلیا و برنج و ڕۆن و شەكر و دۆشاوی تەماتە) ئەمە جگلە بەشەئاردی مانگانە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆژەی سەبەتەی خۆراكی لە پڕۆژە گرنگەكانە، كە وەزارەتی پێی هەستاوە و زۆرترین كێشەكانی چارەسەر كردووە لە ماددەكانی ناو پسوڵەی خۆراك.

جەختیشی كردۆتەوە، كاردەكەن بۆ دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی ئەویش لەڕێگەی چەندین جۆر ماددەی جیاواز و جێگیر.