سەردێر

بارانی بەخوڕ و تەرزە دەستپێدەكات و بەفر شارێك دەگرێتەوە

خەڵك-
شەپۆلێكی نوێی بەفر و باران و تەرزە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی نزیكبوونەوەی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لە ئێستادا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری گۆڕاوە بۆ نیمچە ھەور و لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای وڵاتی سوریا كاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین دەستیپێكردوە لەھەندێ ناوچەشدا ھەورە بروسكەی لەگەڵدایە.

ڕاشیگەیاند، لە چەند كاتژمێری ئایندەدا بەتایبەت دوای ئێوارە بەفر بە ڕێژەیەكی كەم لە ئەنجامی چربوونەوەی ھەورەكانی ناوخۆی ناوچەكە لەناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی ھەرێمدا دەستپێدەكات و لەكاتەكانی شەو درەنگدا ئەگەری بارانێكی كەم بۆ مامناوەندیش ئەبێت لەھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەریندا و بارینی بەفرێكی كەم لە بەرزایەكانی ١٠٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریا.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگشتی سبەی پێنج شەممە ٢٧-١-٢٠٢٢ كاتەكانی نیوەڕۆ كاریگەری ڕاستەوخۆی ھەور لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە سەرجەم ناوچەكان و سەرەتاش شەپۆلەكە بەشێوەی بارانی مامناوەند و ھەورە بروسكە دەستپێدەكات لەھەندێ ناوچەش بارانی بەخوڕ و تەرزەی لەگەڵ ئەبێت لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژئاواوە بە خێرایی ١٥ تا ٢٥ كلیلۆمەتر زیاتر لە كاتژمێرێكدا.

وتیشی، “لە كاتەكانی ئێوارە و شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی بەھۆی زیادبوونی كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكە و نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما بەفر بارین ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە بەرزیان زیاترە لە ٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا وەك سەنتەری شاری سلێمانی”.