سەردێر

عیراق و هەرێم، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا گەیشتە ئاستێكی مەترسیدار

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 8107 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 3154 كەسیش چاكبوونەتەوە، 10 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا كە 4 كەسیان لە پارێزگای سلێمانی بوون.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 29 هەزار و 336 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 8107 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە زۆرترین ژمارەی تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە دادەنرێت كە لەم ماوەیەدا لە وڵاتدا تۆماركرا و وەك ئاستێكی مەترسیداری توشبوون بە كۆرۆنا تەماشا دەكرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و هەولێر و بەسرە و واست تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2996 لە هەولێر 888 و لە بەسرە 677 و لە واست 528 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 3154 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و كەركوك و سلێمانی و هەولێر تۆماركراون، وێڕای گیان لەدەستدانی 10 كەس بە پەتاكە كە 4 كەسیان لە پارێزگای سلێمانی بوون.