سەردێر

وردەكاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان سەدر و بارزانی ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
وردەكاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا دەكرێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی تایبەتی سەدرەوە بڵاوكرایەوە”سەدر لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی پێگەیشتووە و لە پەیوەندییەكەدا باس لەو پرسانە كراوە كە پەیوەندییان بە پەرەسەندنە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی عیراقەوە هەیە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”هەردوولا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جەختییان لەسەر پێویستی یەكخستنی ڕیزە نیشتمانییەكان كردۆتەوە لەم قۆناغەی ئێستا، بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندی عیراق و گەلەكەی بكات”.

بەپێی زانیارییەكان، ئەمە دووەم پەیوەندی تەلەفۆنییە كە لەلایە نێوان سەدر و بارزانیدا دەكرێت لەدوای هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، بەو پێیەی لە 9ی كانی یەكەمی ڕابردووشدا بە هەمان شێوە بارزانی پەیوەندی بە سەدرەوە كردبوو، بۆ قسەكردن لەسەر پێشهاتە  سیاسییەكان و ئەو هاوپەیمانیانەی لەدوای هەڵبژاردنەوە دەبەسترێن، لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق.