سەردێر

داوای هەمواركردنەوەی یاسای داواكاری گشتی لە هەرێم دەكرێت

خەڵك-

یاساناسێك ڕایدەگەیەنێت، پێویستە یاسای داواكاری گشتی هەموار بكرێتەوە.

زانا ڕۆستایی پارێزەر و یاساناس بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەو دۆخەی هەرێمی پێداتێپەڕ دەبێت، خەڵكی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆر لە داواكاری گشتی دەكات بۆ ئەوەی بە وەڵام بێت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی و مافە گشتییەكان، بەڵام هەست بەوە دەكرا كە لە ڕابردوودا وەكو پێویست داواكاری گشتی بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەستاوە.
وتیشی”بەشێكی ئەوەی كە نەیتوانیوە بە ڕۆڵی خۆی هەستێت، یاساكەی بوو كە تا ئەندازەیەك دەسەڵاتێكی وایپێنەدراوە كە ڕۆڵی كاریگەر ببینێت، بۆیە بانگەواز كراوە بۆ ئەوەی دەستكاری یاساكەی بكرێت و هەموار بكرێتەوە”.
ئاشكراشیكرد، لە عێراق لە خولی سێهەمی پەڕلەمان یاسای داواكاری گشتی هەواركرایەوەو زۆریاسایەكی باش بوو، بەڵام لە هەرێم ئەو یاسایەی كاری پێدەكرێت بەداخەوە ئەوەیە لەبەغدا هەڵوەشاوەتەوە و بوونی نەماوە، بۆیە داواكارییەكان ئەوەیە كە هەرێم ببێتە خاوەنی یاسایەكی خۆی، بەشێوەیەك ئەم یاسایە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە داواكاری گشتی و سەربەخۆیی پێ بدرێت و نەكرێتە بەشێك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەڵكو ببێتە بەشێك لە دەسەڵاتی دادوەری و هەمان ئەو چالاكی و دەسەڵاتانەی پێویستە لە دادوەرێك هەبێت پێویستە لە داواكارییەكی گشتیش بوونی هەبێت.
ڕوونیشیكردەوە، جێبەجێكردنی یاسایەكی نوێ دەگەڕێتەوە سەر ئەو ئیرادە سیاسییەی لە هەرێم هەیە، تا ئێستا ئەم ئیرادەیە بەدینەكراوە، داواكاری گشتی لە ڕابردوودا كۆسپیان بۆ دروست بووە، بەڵام لەمەودوا دەبێت ئەو هەوڵانە بەردەوام بن و چاوەڕوانی ئەوە لە پەڕلەمانتارانی كوردستان دەكرێت ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە كە ڕۆڵی خۆی هەبێت لە بەرژەوەندی گشتی و مافی هاووڵاتیان و پێویستی بەوەنەبێت كەسێك بیجوڵنێت و فشاری لەسەر بێت، بەشێكی زۆریشی دەكەوێتەسەر یاساكە و بەشێكیشی دەكەوێتە سەر سەرۆك و ئەندامانی داواكاری گشتی و تا چەند دەتوانن دەسەڵاتەكانی خۆیان پیادە بكەن.