سەردێر

شاخەوان عەبدوڵڵا: ڕۆژانە كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دووردەخرێنەوە

دەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لە لایەن یەكێتیەوە بێ تەوافوقی لایەنە كوردستانیەكان كێشەیەكی گەورە بوو

خەڵك-

جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە گۆڕانكاریدایە، چونكە بەردەوام ڕۆژانە بەهۆی نەبوونی مەرجی یاساییەوە كاندیدەكان دووردەخرێنەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، وەك پەڕلەمانی عێراق لە دوای یەكەم دانیشتنەوە بەپێی ماددە 72 ی دەستوری عێراقی مولزەمین بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان ڕێككەوتنمان كردووە كە دەرفەت بدەینە لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكبكەون، بۆیە بەپێی ماددە 72 تا 8ی شوباتمان لەبەر دەستە تا لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، دواتر وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان وادەی كۆبوونەوەی پەڕلەمان دیاری دەكەین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان كاندید كردووە ناوبراو ڕایگەیاند، من كۆی ئەو ژمارانە ڕاناگەیەنم، چونكە ڕۆژانە كاتێك لێپێچینەوە دەكرێت هەندێكیان دوور دەخرێنەوە، چونكە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەبێت لەناو سەرۆك كۆماردا، هەیە تەمەنی شمولی ناكات، هەیە كێشەی تری هەیە، هەیە بڕوانامەكەی هاوتای ئەو یاسایە نیـیە.

وتیشی”كاندید هەیە دوورخراوەتەوە، بەڵام بۆ ژمارەكانیان هێشتا لام نین، چونكە ژمارەكان لە گۆڕانكاریدا، لە قۆناغی یەكەمدا زۆرێكیان هەر دوورخرانەوە، هەیە تەنها بۆ ئەوە خۆی كاندیدكردووە كە بناسرێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، چونكە هیچ مەرجێكی یاسایی تێدا نەبوو، هەیە تەمەنی نەبووەتە چل ساڵ كە بەپێی یاسا دەبێت تەمەنی لە چل ساڵ كەمتر نەبێت، بۆیە لیژنەكە دوورییان دەخاتەوە چونكە ئەو لیژنەیە كاری لێكۆڵینەوەیە كە لە شەرعی و ناشەرعی مەرجەكان بكۆڵێتەوە ئەگەر لە هەر كاندیدێكدا نەبوو ئەوا ناوی دەردەهێنرێت”.

سەبارەت بە بوونی چەند كاندیدێكی جیاوازی كورد شاخەوان عەبدوڵڵا وتی”ئەو پۆستە لەبەرئەوەی ئیستحقاقی كوردە، باشتر وابوو كە كورد یەك كاندیدی هەبێت، بەڵام ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كردی كە لە 2018 ش كردی، نەدەبوو دووبارەی بكەنەوە، دەبوو لەگەڵ پارتی ڕێكبكەون پێش ئەوەی كاندیدییان دیاری بكەن یان سووربن لەسەر كاندیدەكەیان، بە هەرحاڵ ئەوە وتووێژی سیاسی نێوان خۆیان هەیە و زیاتر ئەو بابەتە سیاسیە دەتوانن وەڵامی بدەنەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستێكی یەكێتی كە دەڵێن پرسیان پێنەكراوە لەسەر كاندیدكردنی شاخەوان عەبدوڵا، ناوبراو ئاشكرایكرد، یەكێتی كاندیدی نەبووە بۆ ئەو پۆستە و دەبوو بەپێچەوانەوە دڵخۆش بوونایە كە پارتی كاندیدی هەبوو، بەڵام بابەتی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دەستنیشانكردنی لە لایەن یەكێتیەوە بێ تەوافوقی لایەنە كوردستانیەكان كێشەیەكی گەورە بوو بەداخەوە نەدەبوو وابكەن.

ڕوونیشیكردەوە، ڕێژەی یاسایی دانیشتنی داهاتووی پەڕلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو دەبێت و كێشە لەو ڕووەوە دروست نابێت، چونكە زۆربەی لایەنەكان خۆیان كاندیدییان هەیە، هەر كەس بۆ ئەوەی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەرچێت بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات، بەوەش ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە تەواو دەبێت.