سەردێر

سبەینێ، تەرمی چەند كۆچبەرێكی كورد دەگەڕێنرێتەوە هەرێم

خەڵك-

سەرۆكی دەزگای لوتكە ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژانی 27 و 29ی ئەم مانگە تەرمی نۆ كۆچبەری كورد كە لە دەریای ئیجە خنكاون دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان.

ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە لە لێدوانێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بڕیارە تەرمی چوار لە قوربانیانی دەریای ئیجە لە ڕێكەوتی 27/1/2022 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕی بكرێن و لەئێوارەی 29/1/2022 بگەنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ڕادەستی كەسوكاریان بكرێنەوە.

وتیشی”تەرمی پێنج لە قوربانیانی ئەو ڕووداوەش لە گەشتی دووەمدا و لە ڕێكەوتی 29/1/2022 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕێدەكرێن و ئێوارەی 1/2/2022 دەگەنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر”.

ئاشكراشیكرد، قوربانیەكان پێكهاتوون لە 8 ئافرەت و یەك پیاو كە لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەیان لە دەریای ئیجە نزیك دورگەی ئاتیكیپیرای یۆنان گیانیان لەدەستداوە.

ڕوونیشیكردەوە، تێچووی گەڕانەوەی تەرمەكان لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دابینكراوە.