سەردێر

بەرهەم ساڵح پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێرشكردنە سەر شوێنی مانەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق كارێكی تیرۆریستییەو دەبێت دەست بخەینە ناو دەستی یەك بۆ پاراستنی ئاشتی و ڕێگرتن لەستەمكاری و درێژەدان بەڕێرەوی پێكهێنانی حكومەتی عێراق.

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، هێرشكردنەسەر شوێنی مانەوەی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق لە ئەنبار كە بەهۆیەوە برینداری لێكەوتەوە كارێكی تیرۆریستییە و بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندیە نیشتمانی و دەستوورییەكانی وڵاتە.

ئاشكراشیكرد، دەبێت دەست بخەینە ناو دەستی یەك بۆ پاراستنی ئاشتی و ڕێگرتن لەستەمكاری و درێژەدان بە ڕێڕەوی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، كە بەرژەوەندییە باشەكانی وڵات بپارێزێت و وەڵامی خواستەكانی گەلەكەمان بداتەوە.

شانەی ڕاگەیاندنی عێراق بڵاویكردەوە، لە ڕێگای سێ موشەكەوە شوێنی مانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق لە قەزای الكرمە كرایە ئامانج، بەجۆرێك موشەكی یەكەم لەنزیك بینای شارەوانی قەزاكە كەوتەخوارەوە و موشەكی دووەم و سێیەمیش لەناوچەی ڕەشاد كەوتنەخوارەوە و بەهۆیەوە دوو كەس برینداربوون.