سەردێر

وردەكاری شەپۆلێكی نوێی بەفر و سەرما و شەختە بڵاودەكرێتەوە

خەڵك-

شەپۆلێكی دیكەی بەفر و باران ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوه و بەهۆی بارستە هەوایەكی ساردەوە شەختە و بەستن ڕوودەدات و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەخایەنێت.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی كاریگەری ناوچەی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و هاتنەوەی بارستە هەوایەكی سارد لەدرەنگانێكی شەوی چوار شەممە لەسەر پێنج شەممە هەورەكان چڕ دەبنەوە و لەسنووری سلێمانی و ڕاپەڕین و ڕانیە و پێنجوێن و هەڵەبجە و گەرمیان بارانبارین دەست پێدەكات بەشێوەی لاواز بۆ مام ناوەند و لە بەرەبەیانی پێنج شەممە هەورەكان بەتەواوی دەگەنە ناوچەكان و بارانبارین بەشێوەی سەرانسەری دەست پێدەكات بەشێوەی ناوبەناوی مامناوەند، هەندێك جار ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ هەیە بەتایبەتیش سنوری دەوروبەری هەولێر و ڕانیە و سۆران و ناوچەكانی دەورووبەریان هەربۆیە دورنیە لافاو دروست ببێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بارانبارین بەشێوەی ناوبەناو تاكو درەنگانی شەوی پێنج شەممە بەردەوامە پاشان لەڕۆژی هەینی لاوز دەبێت و ڕۆژی شەممە كۆتایی پێدێت .

سەبارەت بە بەفربــاریــن وتی، “بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی ساردی قوتبی و تێكەڵبونی بەشەپۆلەكە پێشبینی دەكەین بەفربارین لەشەوی چوار شەممە لەسەر پێنج شەممە لەبەرزی 1160 مەترەوە دەست پێبكات واتا لەسنوری ناوچە شاخاوییەكان و ئەو ناوچانەی دەكەونە دامێنی چیاكان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێوارەی پێنج شەممە تا نزیك نیوەڕۆی هەینی بەفربارین دادەبەزێتە بەشێك لەسەنتەری شارەكان و لەبەرزی 800 مەترەوە بەفربارین دەست پێدەكات لەم شوێنانە ئەگەری بەفر بارین هەیە ( سلێمانی ، هەڵەبجە ، پێنجوێن ، قەڵادزێ ، كۆیه ، باڵەكایەتی ، سۆران ، پیرمام ، مێرگەسۆر ، شارەزور ، سەیدسادق ، سەنگاوو ، قەرەداغ ، گرپجنە ، پیرەمەگروون ، ڕانیە ، هیران ، شیلادزێ ، ئامێدی ، بارزان ، بامەڕنێ ، ماوەت ، چوارتا ، بناری بەمۆ ، سەنگاوو ) لەگەڵ سەرجەم ناوچە شاخاوییەكان و ڕێژەی بەفر بارینەكەش لەنێوان 2 سم تاكو 35 سم دەبێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕوونیشی كردەوە، بەهۆی دوبارە هاتنەوەی بارستە هەوای ساردەوە پێشبینی دەكەین لەسبەی شەوەوە پلەكانی گەرما بەڕێژەی 6 بۆ 8 پلە نزم ببنەوە و شەختە و بەستن ڕووبدات.