سەردێر

فەرەیدون عەبدولقادر: پێم باش نییە پارتی هەموو پۆستەكان بەهەقی خۆی بزانێت، بێ پشتیوانی كاك مەسعودیش پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستە سیادییەكان لاواز ئەكەونە مەیدانی كار و خزمەتەوە

خەڵك-
سەركردەیەكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باس لە دۆخی ئێستای هەرێم و گرنگی یەكڕیزی كورد لە بەغدا دەكات و دەڵێت: “مام جەلال جیاوازی گەورەی نەدەكرد لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و هەر تێكۆشەرێكی دیكەی یەكێتی”.

فەرەیدون عەبدولقادر، سەركردەی پێشووی یەكێتی لە دیدارێكی لەگەڵ (خەڵك) ئاماژە بەوە دەكات، كە هەموو كات یەكڕیزی كورد لە بەغدا بۆتە هۆی بەهێزی و سەركەوتن و پێی وایە، “نابێت سەرۆك كۆمار بێ‌ پشتیوانی مەسعود بارزانی دابنرێت” و جەختیش دەكاتەوە، نابێت پارتی هەموو پۆستە سیادییەكان بەهەقی خۆی بزانێت و سەرۆك كۆماریش لە یەكێتی وەربگرێتەوە.

خەڵك: هەموو كات باسی یەكڕیزی دەكرێت، بەڵام دواتر هەر لایەنێك بۆخۆی دەچێتە ناو ڕێككەوتن و هاوپەیمانیەكانەوە، ئەوە چۆن دەبێت؟

فەرەیدون عەبدولقادر: هەمیشە لە كوردستان و ئەم هەلومەرجەدا ئەڵێم یەكێتی ڕیزەكانی كورد لەسەروو هەموو شتێكەوەیە، پێویستە هەموو لایەك و هەموو دڵسۆزێك وابكەن كورد یەكڕیز و یەك ئیرادە و یەك دەنگ بێت، چونكە یەكبوونمان بەهێزبوون و مایەی سەركەوتنە و بەپێچەوانەشەوە ناتەبایی و ناكۆكیشمان مایەی زیان و پاشكەوتنە بۆ گەلەكەمان و بۆ هەموو لایەنەكان.

خەڵك: لە ئێستادا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆتە جێگەی ناكۆكی یەكێتی و پارتی، تۆ بۆچوونت لەوبارەیەوە چییە؟

فەرەیدون عەبدولقادر: من پێم باش نییە سەرۆك كۆمار بێ‌ پشتیوانی جەنابی مەسعود بارزانی دابنرێ‌، چونكە كارێكی هەڵەیە لایەك بێ‌ ڕاوێژ و بێ‌ ڕەزامەندی لایەكەی تر پۆستی وا گەورە یەكلایی بكاتەوە، تەنانەت ئەگەر كاندیدیش هەبێت.
كاتی خۆی جەنابی مام جەلال بە ئاسانی ئەو كارەی ئەنجام دەدا و پۆستی سەرۆك كۆمار درا بە مام جەلال و بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمیش مام جەلال خۆی كاری بۆ ئەكرد، كە هەر جەنابی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت.
تەنانەت مام جەلال جیاوازی گەورەی نەئەكرد لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و هەر تێكۆشەرێكی تری یەكێتی و خۆی پێشنیاری كرد نیوەی دەورەكەی د. بەرهەم، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆك وەزیرانی هەرێم دابنرێ، ئیتر ئەوە بوو بە ڕێككەوتن و نەریت، كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی بێت.

خەڵك: ئایا دەكرێت هەموو پۆستە گرنگەكان و جومگە سەرەكییەكان لای پارتی بن؟

فەرەیدون عەبدولقادر: هۆشیار زێباری هاوڕێ‌ و برامە و پێم خۆشە هەمیشە لە پۆستی گرنگدا بێت و تێكۆشەرێكی ژیری گەلەكەمانە، بەڵام پێم باش نەبوو بە كاندید كردنی ئەو بەڕێزە درز بكەوێتە ناو ماڵی كوردەوە.
پێم باش نییە پارتی هەموو پۆستەكان بە هەقی خۆی بزانێ‌ (سەرۆكی هەرێم، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، جێگری سەرۆكی پەڕلەمان، وەزیری دەرەوەی عێراق) و پۆستی سیادی دیكەش بۆ خۆی دابنێ‌ و پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەربگرێتەوە، چونكە كوردستان و هێزەكانی واقیعێكی تایبەتیان هەیە لە وڵاتانی تر جیاوازە و پارتی و یەكێتی ناشێ‌ بە ژمارەی كورسی هەڵبژاردن پێوانە لەگەڵ یەكتر بكەن.

خەڵك: مەترسی ئەوە هەیە ململانێی ئەو دوو حزبە بگاتە پێكدادانی سەربازی؟
فەرەیدون عەبدولقادر: بەڵگەی مێژویی خەبات و فاكتەرەكانی تر زۆرن، كە جێگە و پایە و هێز دیاری دەكەن، بۆیە پارتی و یەكێتی دوو هێزی چەكدارن، مێژوی خۆیان و پەیوەندییەكانی خۆیان هەیە و هاوپەیمانیشیان هەبووە، بۆیە ئەگەر بەهەڵە پێوانەی یەكتر بكەن ئەوا بە هەڵەش ڕێز لە مافی یەكتر دەگرن و پەیوەندییەكانی نێوانیان ئەگەیەننە تەنگەبەری ململانێ و ناكۆكی.
بەلای منەوە دوور ڕاگرتنی هێزە كوردستانییەكان و بەتایبەتی ئەم دوو هێزە لە ململانێی بەیەكدادان ئەركی هەموو دڵسۆزێكی ئەم گەل و نیشتمانەیە، ئەركی پارتی و یەكێتییە، بەڵام ئەو ئەركە بەر لە هەمووان كەوتۆتە ئەستۆی كاك مەسعود بارزانی، پێویستە لە هەموومان زیاتر تەقەلا بۆ ئەوە بدات و كار بۆ یەكخستنی ڕیزەكانمان بدات، هەروەها یەكێتی و لایەنەكانی تریش نابێت ڕا و مافی لایەنەكانی تر نادیدە بگرن، چونكە بەبێ‌ پشتیوانی كاك مەسعودیش پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستە سیادییەكانی عێراق لاواز ئەكەونە مەیدانی كار و خزمەتەوە.

لە كۆتایی دیدارەكەیدا لەگەڵ (خەڵك)، فەرەیدون عەبدولقادر داوا دەكات، “هەر كەس لە هەر پۆستێكدا لایەكی گرنگی هێزەكانی كوردستانی پشتیوانی نەبێت لاوازتر ئەبێت و ناتوانێت بەتین و تاو و هێزەوە ئەركەكانی جێبەجێ‌ بكات، بۆیە تكایە دەست بە یەكێتی ڕیزەكانی كوردایەتییەوە بگرن و لەسەر پۆستێك ئەم گەلە مەهاوێژنە تەنگەبەر و تاریكی ناتەباییەوە”.