سەردێر

لەسەر درێژكردنەوەی پشووی خوێندن ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-
ماوەی دوو هەفتەیە بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە لە ناوەندەكانی خوێندن و بەتایبەتیش لە سلێمانی و هەڵەبجە پشووە و پەروەردەی سلێمانی-ش ڕایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی پشووی خوێندن و لە 31ی مانگ خوێندن دەستپێدەكاتەوە.

عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “لە 31ی مانگدا پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەكاتەوە و هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی پشوو، كە بەهۆی دۆخی كەشوهەواوە ڕاگەیەنرابوو”.

ڕاشیگەیاندووە، دوو تاقیكردنەوەی خوێندكاران ماون، ڕۆژی یەك شەممە و دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێن و دواتر ڕاستەوخۆ وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێدەكات، بەشێك لە خوێندكارانیش، كە تاقیكردنەوەیەكی دیكەیان نەكردووە دەتوانن تاقیكردنەوەكە بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، تاوەكو پشووەكانی مانگی 3 هیچ بڕیارێك نییە بۆ ڕاگەیاندنی پشوو یاخود ڕاگرتنی دەوام، قەرەبووی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووش دەكرێتەوە، كە كراوەتە پشوو.